بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.
١ ئەی یەزدان،
تۆ لە زەوی خۆت ڕازیت،
دیلەکانی یاقوبت گێڕاوەتەوە.
٢ لە تاوانەکانی گەلەکەت خۆشبوویت،
هەموو گوناهەکانیت داپۆشیوە.*
٣ هەموو تووڕەیی خۆتت گرتەوە،
لە جۆشانی تووڕەییت گەڕایتەوە.
 
٤ ئەی خودای ڕزگاریمان،
بمانگەڕێنەوە،
تووڕەیی خۆتمان لەسەر لابدە.
٥ ئایا هەتاهەتایە لێمان تووڕە دەبیت؟
نەوە دوای نەوە درێژە بە تووڕەییت دەدەیت؟
٦ ئایا تۆ ناگەڕێیتەوە هەتا زیندوومان بکەیتەوە،
بۆ ئەوەی گەلەکەت پێت شاد بێت؟
٧ ئەی یەزدان،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتمان پیشان بدە،
ڕزگاریی خۆتمان پێ ببەخشە.
 
٨ ئەوەی خودای پەروەردگار دەیڵێت،
گوێی لێ دەگرم،
چونکە بەڵێنی ئاشتی دەدات بە گەلەکەی و بە خۆشەویستانی،
بەڵام با نەگەڕێنەوە سەر گێلایەتی.
٩ بێگومان ڕزگارییەکەی لەو کەسانە نزیکە کە لێی دەترسن،
بۆ ئەوەی شکۆمەندییەکەی لە خاکی ئێمەدا نیشتەجێ بێت.
 
١٠ خۆشەویستی نەگۆڕ و ڕاستی بە یەک گەیشتوون،
ڕاستودروستی و ئاشتی یەکتری ماچ دەکەن*.
١١ ڕاستی لە زەوییەوە دەڕوێت و
ڕاستودروستی لە ئاسمانەوە سەر دەردێنێت.
١٢ هەروەها یەزدان چاکە دەبەخشێت و
زەوی ئێمەش دەغڵودان دەدات.
١٣ ڕاستودروستی لەپێشی دەڕوات،
ڕێگای بۆ خۆش دەکات.