حەزقیا پەرستگاکە پاک دەکاتەوە
١ حەزقیا گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو کە بوو بە پاشا،
بیست و نۆ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد،
ناوی دایکی ئەبیای کچی زەکەریا بوو.
٢ بە هەمان شێوەی داودی باپیرە گەورەی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی.
٣ لە یەکەم مانگی ساڵی یەکەمی پاشایەتییەکەی دەرگاکانی پەرستگای یەزدانی چاککردەوە و دەرگاکانی کردەوە.
٤ کاهین و لێڤییەکانی بردە ژوورەوە و لە گۆڕەپانەکەی ڕۆژهەڵاتدا کۆی کردنەوە و
٥ پێی گوتن:
«ئەی لێڤییەکان گوێم لێ بگرن،
ئێستا خۆتان تەرخان بکەن و پەرستگای یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان تەرخان بکەن.
گڵاوی لە پیرۆزگا دەربکەن،
٦ چونکە باوباپیرانمان ناپاکییان کرد و لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگارمان خراپەکارییان کرد و بەجێیان هێشت.
ڕوویان لە نشینگەی یەزدان وەرگێڕا و پشتیان تێکرد،
٧ هەروەها دەرگاکانی هەیوانەکەیان داخست و چراکەیان کوژاندەوە و بخووریان نەسووتاند و هیچ قوربانی سووتاندنیان لە پیرۆزگادا بۆ خودای ئیسرائیل نەکرد.
٨ لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان بەسەر یەهودا و ئۆرشەلیمدا هاتە خوارەوە،
ئەویش کردنی بە پەند و مایەی سەرسوڕمان و تانە و تەشەر،
هەروەک بە چاوی خۆتان دەیبینن.
٩ لەبەر ئەمە باوباپیرانمان بە شمشێر کوژران و کوڕ و کچ و ژنەکانمان دیلن.*
١٠ ئێستاش لە دڵمدایە پەیمانێک لەگەڵ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ببەستم،
بەڵکو گڕی تووڕەییەکەی لە ئێمە دابمرکێتەوە.
١١ کوڕەکانم،
ئێستا کەمتەرخەمی مەکەن،
چونکە یەزدان ئێوەی هەڵبژارد هەتا لەبەردەمی ڕابوەستن و خزمەتی بکەن و ببن بە خزمەتکار و بخوور بسووتێن بۆی.»
 
١٢ ئینجا ئەم لێڤییانە هەستان بە خزمەتەکەیان:
 
لە نەوەی قەهاتییەکان،
مەحەتی کوڕی عەماسەی و یۆئێلی کوڕی عەزەریا؛
لە نەوەی مەراری،
قیشی کوڕی عەبدی و عەزەریای کوڕی یەهەلەلئێل؛
لە گێرشۆنییەکانیش،
یۆئاحی کوڕی زیما و عەدەنی کوڕی یۆئاح؛
١٣ لە نەوەی ئەلیچافان،
شیمری و یەعیێل؛
لە نەوەی ئاساف،
زەکەریا و مەتەنیا؛
١٤ لە نەوەی هێیمان،
یەحیێل و شیمعی؛
لە نەوەی یەدوتون،
شەمەعیا و عوزیێل.
 
١٥ کاتێک برا لێڤییەکانیان کۆکردبووەوە و خۆیان تەرخان کردبوو،
بە فەرمانی پاشا چوونە ژوورەوە بۆ ئەوەی بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان پەرستگاکە پاک بکەنەوە.
١٦ کاهینەکان چوونە ناو پیرۆزگای یەزدانەوە بۆ ئەوەی پاکی بکەنەوە و هەموو ئەو گڵاوییەی لەناو پەرستگای یەزداندا دۆزییانەوە،
بردیانە دەرەوە بۆ حەوشەی پەرستگای یەزدان و لێڤییەکانیش هەڵیانگرت بۆ ئەوەی دەریبکەنە دەرەوە بۆ دۆڵی قدرۆن.
١٧ لە ڕۆژی یەکەمی مانگی یەکدا دەستیان بە تەرخانکردنەکە کرد و لە ڕۆژی هەشتی مانگدا گەیشتنە هەیوانەکەی پەرستگای یەزدان.
لەپاش ئەوە هەشت ڕۆژی دیکەش پەرستگای یەزدانیان تەرخان کرد و لە ڕۆژی شازدەی مانگی یەکدا کۆتاییان پێهێنا.
١٨ ئینجا چوونە ژوورەوە بۆ لای حەزقیای پاشا و گوتیان:
«هەموو پەرستگای یەزدان و قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن و هەموو قاپوقاچاغەکانی و مێزی نانی تەرخانکراو و هەموو قاپوقاچاغەکانیمان پاککردەوە،
١٩ لەگەڵ هەموو ئەو قاپوقاچاغانەی کە ئاحازی پاشا فڕێیدا لە سەردەمی پاشایەتییەکەیدا لە ناپاکییەکەی،
ئامادە و تەرخانمان کردوون و ئێستا لەبەردەم قوربانگاکەی یەزدانن.»
٢٠ بەیانی زوو حەزقیای پاشا هەستا و کاربەدەستەکانی شاری کۆکردەوە و چوو بۆ پەرستگای یەزدان.
٢١ حەوت گا و حەوت بەران و حەوت بەرخی نێر و حەوت گیسکی نێریان هێنا بۆ قوربانی گوناە لە پێناوی پاشایەتییەکە و پیرۆزگا و یەهودا.
فەرمانی بە کاهینەکان کە لە نەوەی هارون بوون کرد سەریان بخەنە سەر قوربانگاکەی یەزدان.
٢٢ ئیتر گایەکانیان سەربڕی و کاهینەکان خوێنەکەیان وەرگرت و بەسەر قوربانگاکەدا پرژاندیان؛
دواتر بەرانەکانیان سەربڕی و خوێنەکەیان پرژاندە سەر قوربانگاکە؛
ئینجا بەرخەکانیان سەربڕی و خوێنەکەیان پرژاندە سەر قوربانگاکە.
٢٣ پاشان گیسکەکانی قوربانی گوناهیان بردە بەردەم پاشا و کۆمەڵ و ئەوانیش دەستیان لەسەر دانان.
٢٤ ئینجا کاهینەکان سەریان بڕین و خوێنەکەیان پێشکەش کردە سەر قوربانگاکە وەک قوربانی گوناە و کەفارەتیان بۆ هەموو ئیسرائیل کرد،
چونکە پاشا گوتی،
قوربانی سووتاندن و قوربانییەکەی گوناە بۆ هەموو ئیسرائیلە.
٢٥ ئینجا لێڤییەکانی لە پەرستگای یەزدان ڕاگرت،
بە سەنج و قیسارە و سازەوە،
بەگوێرەی فەرمانی داود و گاد کە پەیامی خودای بە پاشا ڕادەگەیاند و ناتانی پێغەمبەریش،
چونکە فەرمانەکە لەلایەن یەزدانەوە بوو لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانییەوە.
٢٦ ئیتر لێڤییەکان بە ئامێرە مۆسیقییەکانی داودەوە و کاهینەکانیش بە کەڕەناوە ڕاوەستان.
٢٧ حەزقیاش فەرمانی دا بە سەرخستنی قوربانی سووتاندنەکە بۆ سەر قوربانگاکە و لە کاتی دەستپێکردنی قوربانی سووتاندنەکەدا،
ستایشی یەزدان دەستی پێ کرد لەگەڵ لێدانی کەڕەنا و ئامێرە مۆسیقییەکانی داودی پاشای ئیسرائیل.
٢٨ هەموو کۆمەڵەکەش کڕنۆشیان دەبرد و گۆرانیبێژەکان گۆرانییان دەگوت و کەڕەنا لێدەرەکانیش فوویان بە کەڕەناکانیاندا دەکرد،
هەر هەموو بەردەوام بوون هەتا قوربانی سووتاندنەکە کۆتایی پێهات.
٢٩ لە کاتی تەواوبوونی قوربانی سووتاندنەکە،
پاشا و هەموو ئەوانەی لەگەڵیدا بوون چەمانەوە و کڕنۆشیان برد.
٣٠ حەزقیای پاشا و کاربەدەستەکان بە لێڤییەکانیان گوت کە بە وشەکانی داود و ئاسافی پێشبینیکەر ستایشی یەزدان بکەن،
ئەوانیش بە خۆشییەوە ستایشیان کرد و چەمانەوە و کڕنۆشیان برد.
٣١ ئینجا حەزقیا گوتی:
«ئێستا خۆتان بۆ یەزدان تەرخان کردووە،
وەرنە پێش و قوربانی سەربڕاو و قوربانی سوپاسگوزاری بۆ پەرستگای یەزدان بهێنن.»
پاشان کۆمەڵەکە قوربانی سەربڕاو و قوربانی سوپاسگوزارییان هێنا و هەرکەسێکیش لە دڵەوە ئارەزووی کرد قوربانی سووتاندنی هێنا.
٣٢ ژمارەی ئەو قوربانی سووتاندنانەی کە کۆمەڵەکە هێنایان،
حەفتا گا و سەد بەران و دوو سەد بەرخی نێر بوو،
هەموو ئەمانە قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان بوون.
٣٣ ئاژەڵە تەرخانکراوەکانیش شەش سەد گا و سێ هەزار مەڕ و بزن بوون.
٣٤ بەڵام کاهینەکان کەم بوون و نەیانتوانی هەموو قوربانی سووتاندنەکان کەوڵ بکەن،
لەبەر ئەوە برا لێڤییەکانیان یارمەتییان دان،
هەتا کارەکە تەواو بوو و هەتا کاهینی دیکەش خۆیان تەرخان کرد،
چونکە لێڤییەکان بۆ خۆتەرخانکردن لە کاهینەکان دڵسۆزتر بوون.
٣٥ هەروەها قوربانی سووتاندنەکان زۆر بوون بە پیوی قوربانییەکانی هاوبەشی و بە شەرابی پێشکەشکراوی قوربانی سووتاندنەکان.
بەم شێوەیە خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان جارێکی دیکە بەردەوامی پێدرایەوە.
٣٦ حەزقیا و هەموو گەلیش دڵشاد بوون لەبەر ئەوەی خودا گەلی ئامادە کرد،
چونکە کارەکە کتوپڕ بوو.