چاکسازییەکانی ئاسا
١ ڕۆحی خودا هاتە سەر عەزەریای کوڕی عۆدێد و
٢ ئەویش چووە بەردەم ئاسا و پێی گوت:
«ئەی ئاسا و هەموو یەهودا و بنیامین گوێم لێ بگرن،
یەزدان هەتا لەگەڵیدا بن لەگەڵتاندا دەبێت،
ئەگەر ڕووی لێ بکەن بۆتان دەردەکەوێت بەڵام ئەگەر بەجێی بهێڵن بەجێتان دەهێڵێت.
٣ ئیسرائیل ڕۆژانێکی زۆر بێ خودای ڕاستەقینە و بێ کاهینی مامۆستا و بێ فێرکردن بوون.
٤ بەڵام کە لە تەنگانەکەیاندا گەڕانەوە بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل و ڕوویان لەو کرد،
بۆیان دەرکەوت.
٥ لەو سەردەمەدا کەس نەیدەتوانی بێ ترس گەشت بکات،
چونکە نائارامییەکی زۆر باڵی بەسەر هەموو دانیشتووانی خاکەکاندا کێشابوو.
٦ ئیتر نەتەوەیەک بە نەتەوەیەکی دیکە لەناودەبردرا و شارێک بە شارێکی دیکە،
چونکە خودا بە هەموو تەنگانەیەک هەراسانی کردبوون.
٧ بەڵام ئێوە بەهێزبن و دەستتان شل مەکەن،
چونکە پاداشت هەیە بۆ کارەکەتان.»
٨ کە ئاسا گوێی لەم قسانە و لە پەیامەکەی عەزەریای کوڕی عۆدێد پێغەمبەر بوو،
بەهێز بوو و بتە قێزەونەکانی لە هەموو خاکی یەهودا و بنیامین و ئەو شارۆچکانەی کە لە شاخەکانی ئەفرایمدا گرتنی،
ڕیشەکێش کرد.
قوربانگاکەی یەزدان ئەوەی بەردەم هەیوانەکەی پەرستگای یەزدانی نوێ کردەوە.
٩ ئینجا هەموو خەڵکی یەهودا و بنیامین و ئەو بیانییانەی کە لەگەڵیان بوون،
لە ئەفرایم و مەنەشە و شیمۆن کۆی کردنەوە،
چونکە لە ئیسرائیلەوە خەڵکێکی زۆر هاتبوونە پاڵی کاتێک بینیبوویان یەزدانی پەروەردگاری لەگەڵیدایە.
١٠ لە مانگی سێی پازدەیەمین ساڵی پاشایەتی ئاسادا لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە و
١١ لەو ڕۆژەدا لەو دەستکەوتەی کە لەگەڵ خۆیان هێنابوویان،
حەوت سەد مانگا و حەوت هەزار مەڕیان بۆ یەزدان سەربڕی و
١٢ پەیمانێکیان بەست کە بە هەموو دڵ و بە هەموو گیانیانەوە ڕوویان لە یەزدان بکەن،
خودای باوباپیرانی خۆیان،
١٣ هەموو ئەوانەی کە ڕوو لە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ناکەن،
لە گەورە و بچووک و لە پیاو و ژن،
دەکوژرێن.
١٤ ئەوانیش سوێندیان بۆ یەزدان خوارد،
بە دەنگی بەرز و بە هوتاف و زوڕنا و کەڕەنا لێدان.
١٥ هەموو یەهودا بەو سوێندە دڵخۆش بوون،
چونکە بە هەموو دڵیانەوە سوێندیان خوارد و بەوپەڕی ڕەزامەندییانەوە ڕوویان لە یەزدان کرد،
ئەویش بۆیان دەرکەوت و یەزدان لە هەموو لایەکەوە ئەوانی حەواندەوە.
١٦ ئاسای پاشا تەنانەت مەعکای داپیریشی لە پلەی شاژنی دایک لابرد،
لەبەر ئەوەی ستوونە ئەشێرایەکی قێزەونی دروستکردبوو.
ستوونەکەی بڕییەوە و وردوخاشی کرد و لە دۆڵی قدرۆن سووتاندی.
١٧ هەرچەندە نزرگەکانی سەر بەرزایی لە ئیسرائیل تێکنەدران،
بەڵام دڵی ئاسا بە درێژایی ژیانی بە تەواوی لەگەڵ یەزدان بوو.
١٨ هەروەها شتە تەرخانکراوەکانی خۆی و باوکی لە زێڕ و زیو و قاپوقاچاغ هێنایە ناو پەرستگای خودا.
١٩ هەتا ساڵی سی و پێنجەمی پاشایەتی ئاسا هیچ جەنگێکی دیکە هەڵنەگیرسا.