١ کاتێک ڕەحەڤەعام گەیشتە ئۆرشەلیم،
بنەماڵەی یەهودا و بنیامینی کۆکردەوە،
سەد و هەشتا هەزار جەنگاوەری هەڵبژارد،
هەتا لە دژی ئیسرائیل بجەنگن و پاشایەتییەکە بۆ ڕەحەڤەعام بگەڕێننەوە.
٢ بەڵام پەیامی یەزدان بۆ شەمەعیای پیاوی خودا هات:
٣ «بە ڕەحەڤەعامی کوڕی سلێمان،
پاشای یەهودا و بە هەموو نەوەی ئیسرائیل لە یەهودا و بنیامین بڵێ،
٤ ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
مەچن و لە دژی براکانتان مەجەنگن.
هەریەکە و بۆ ماڵەکەی خۆی بگەڕێتەوە،
چونکە ئەمە لەلایەن منەوەیە.“»
ئەوانیش گوێڕایەڵی فەرمایشتی یەزدان بوون و هێرشیان نەکردە سەر یارۆڤعام و کشانەوە.
قەڵابەند کردنەوەی شارۆچکەکانی یەهودا
٥ ڕەحەڤەعام لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوو و لە یەهودا چەند شارێکی قەڵابەندی بنیاد نایەوە،
٦ وەک بێتلەحم،
عێتام،
تەقۆعە،
٧ بێتچوور،
سۆخۆ،
عەدولام،
٨ گەت،
مارێشا،
زیف،
٩ ئەدۆرەیم،
لاخیش،
عەزێقا،
١٠ چۆرعا،
ئەیالۆن و حەبرۆن.
ئەم شارە قەڵابەندانە لەناو خاکی یەهودا و بنیامین بوون.
١١ جا قەڵاکانی بەهێز کرد و فەرماندەکان و ئەمبارەکانی خواردن و زەیت و شەرابی تێیاندا دانا.
١٢ لە هەموو شارێکیش قەڵغان و ڕمی دانا و زۆر بەهێزی کردن،
یەهودا و بنیامینی لەژێر دەسەڵاتی خۆی هێشتەوە.
١٣ کاهین و لێڤییەکانیش لە هەموو سنوورەکانی خۆیانەوە لە سەرتاسەری ئیسرائیلدا هاتن و لایەنگری ئەمیان کرد.
١٤ هەروەها لێڤییەکان لەوەڕگاکانیان و موڵکەکانیان بەجێهێشت و چوون بۆ یەهودا و بۆ ئۆرشەلیم،
لەبەر ئەوەی یارۆڤعام و کوڕەکانی ڕەتیان کردنەوە کە کاهینیێتی بۆ یەزدان بکەن.
١٥ جا یارۆڤعام بۆ خۆی چەند کاهینێکی دانا بۆ نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان* و بۆ ئەو بتانەی کە لە شێوەی تەگە* و گوێرەکە دروستی کردن.
١٦ ئەوانەی لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل کە بە هەموو دڵ ڕوویان لە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەکرد،
دوای لێڤییەکان کەوتن و چوونە ئۆرشەلیم هەتا قوربانی بۆ یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان بکەن.
١٧ جا پاشایەتییەکەی یەهودایان بەهێز کرد و سێ ساڵ پاڵپشتی ڕەحەڤەعامی کوڕی سلێمانیان کرد،
چونکە سێ ساڵ ڕێگای داود و سلێمانیان گرتەبەر.
خێزانی ڕەحەڤەعام
١٨ ڕەحەڤەعام ماحەلەتی کچی یەریمۆتی کوڕی داودی هێنا،
کە دایکی ئەبیهەیلی کچی ئەلیابی کوڕی یەسا بوو.
١٩ ماحەلەتیش ئەم کوڕانەی بۆ خستەوە:
یەعوش،
شەمەریاهو و زەهەم.
٢٠ پاشان ڕەحەڤەعام مەعکای کچی ئەبشالۆمی هێنا،
ئەویش ئەبیا و عەتەی و زیزا و شەلۆمیتی بۆ خستەوە.
٢١ ڕەحەڤەعام مەعکای کچی ئەبشالۆمی لە هەموو ژن و کەنیزەکانی دیکەی خۆی زیاتر خۆشدەویست،
چونکە هەژدە ژن و شەست کەنیزەی هەبوو،
بیست و هەشت کوڕ و شەست کچیشی بوو.