ئامادەکاری بۆ بنیادنانی پەرستگا
١ سلێمان فەرمانی دا بە بنیادنانی پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدان و کۆشکێکیش بۆ پاشایەتییەکەی.
٢ بێگاری بە حەفتا هەزار پیاوی کۆڵکێش و هەشتا هەزار نەقاڕ کرد لە چیا،
هەروەها بە سێ هەزار و شەش سەد کەس کە وەک سەرکاری ئەوان داینا.
٣ سلێمان ناردی بۆ لای حیرامی پاشای سور و گوتی:
«وەک ئەوەم لەگەڵ بکە کە لەگەڵ داودی باوکم کردت،
بەوەی کە داری ئورزت بۆ نارد تاکو کۆشکێک بۆ خۆی بنیاد بنێت و تێیدا نیشتەجێ بێت.
٤ ئێستا من پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگارم بنیاد دەنێم،
تاکو بۆی تەرخان بکەم بۆ سووتاندنی بخووری بۆنخۆش لەبەردەمی و بۆ نانی تەرخانکراوی بەردەوام و قوربانی سووتاندن لە بەیانییان و ئێواران،
لە شەممە و سەرەمانگ و جەژنەکانی یەزدانی پەروەردگارمان،
ئەمە هەتاهەتایە لەسەر ئیسرائیل دەبێت.
٥ «ئەو پەرستگایەش کە من بنیادی دەنێم گەورەیە،
چونکە خودامان لە هەموو خوداوەندەکان گەورەترە.
٦ بەڵام کێ دەتوانێت پەرستگایەکی بۆ بنیاد بنێت،
چونکە ئاسمان و ئاسمانی ئاسمانەکان جێی ئەویان تێدا نابێتەوە!
ئیتر من کێم هەتا پەرستگایەکی بۆ بنیاد بنێم،
ئەگەر تەنها بۆ سووتاندنی قوربانی نەبێت لەبەردەمیدا؟
٧ «ئێستاش پیاوێکم بۆ بنێرە دانا بێت لە کاری زێڕ و زیو و بڕۆنز و ئاسن و ڕیسی ئەرخەوانی و سووری تۆخ و مۆر،
کارامە بێت لە پیشەی هەڵکۆڵین،
هەتا لەگەڵ پیاوە داناکانی لای خۆم بێت لە یەهودا و ئۆرشەلیم،
ئەوانەی داودی باوکم ئامادەی کردن.
٨ «لە لوبنانەوە داری ئورز و سنەوبەر و ئەلگومم* بۆ بنێرە،
چونکە دەزانم کە خزمەتکارەکانت لە بڕینی داری لوبناندا کارامەن.
خزمەتکارەکانم ئامادەن لەگەڵ خزمەتکارەکانت کار بکەن
٩ بۆ ئەوەی دارێکی زۆرم بۆ ئامادە بکەن،
چونکە دەبێت ئەو پەرستگایەی بنیادی دەنێم گەورە و سەرسوڕهێنەر بێت.
١٠ ئەو خزمەتکارانەت کە دارەکان دەبڕنەوە،
بیست هەزار کۆر* گەنم و بیست هەزار کۆر جۆ* و بیست هەزار بەت* شەراب و بیست هەزار بەت زەیتیان دەدەمێ.»
١١ حیرامی پاشای سوریش لە نووسراوێکدا کە بۆ سلێمان ناردی نووسیبووی:
«لەبەر ئەوەی یەزدان گەلەکەی خۆی خۆشدەوێت،
تۆی کردووەتە پاشایان.»
١٢ هەروەها حیرام گوتی:
«ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل،
ئەوەی ئاسمان و زەویی دروستکردووە!
ئەوەی کوڕێکی دانا و زانا و تێگەیشتووی داوەتە داودی پاشا،
کە پەرستگایەک بۆ یەزدان و کۆشکێک بۆ پاشایەتییەکەی بنیاد دەنێت.
١٣ «ئێستا من پیاوێکی دانا و شارەزا و تێگەیشتووت بۆ دەنێرم بە ناوی حورام‌ئابی*،
١٤ کوڕی ژنێکە لە نەوەی دان و باوکیشی خەڵکی شاری سورە.
شارەزایە لە کاری زێڕ و زیو،
بڕۆنز و ئاسن،
بەرد و دار،
ڕیسی ئەرخەوانی و مۆر و سووری تۆخ،
لەگەڵ کەتانی ناسک،
هەروەها هەڵکۆڵینی هەموو جۆرە نەخشێک و داهێنانی هەموو داهێنانێک کە پێی بسپێردرێت،
با لەگەڵ پیاوە داناکانت و لەگەڵ پیاوە داناکانی گەورەم داودی باوکت بێت.
١٥ «ئێستاش ئەو گەنم و جۆ و زەیتی زەیتوون و شەرابەی کە گەورەم باسی کردوون با بۆ خزمەتکارەکانی بنێرێت و
١٦ ئێمەش لە لوبنانەوە بەپێی پێویستیت دارت بۆ دەبڕین و دەیکەینە کەڵەک و دەیدەین بە دەم دەریاوە بۆ یافا و تۆش بۆ ئۆرشەلیم سەری بخە.»
١٧ سلێمان پاش ئەو سەرژمێرییەی کە داودی باوکی ئەنجامی دا،
هەموو پیاوە بیانییەکانی ناو خاکی ئیسرائیلی سەرژمێری کرد،
ژمارەیان سەد و پەنجا و سێ هەزار و شەش سەد پیاو بوون.
١٨ حەفتا هەزاریانی کردە کۆڵکێش و هەشتا هەزاریشی لە چیادا کردە نەقاڕ و سێ هەزار و شەش سەدەکەی دیکەشی کردە سەرکار بۆ ئەوەی کار بە گەل بکەن.