عەتەلیا و یۆئاش
١ کاتێک عەتەلیای دایکی ئەحەزیاش کە بینی کوڕەکەی مردووە،
هەستا و هەموو ڕەچەڵەکی شاهانەی لەناوبرد.
٢ بەڵام یەهۆشەڤەعی کچی یەهۆرام پاشا و خوشکی ئەحەزیا،
یۆئاشی کوڕی ئەحەزیای برد و ڕفاندی پێش کوشتنی شازادەکان.
ئەو و دایەنەکەی لە ژووری نوستن دانا بۆ ئەوەی لە عەتەلیا بیشارێتەوە،
جا یۆئاش نەکوژرا.
٣ ماوەی شەش ساڵ لەگەڵ دایەنەکە بە نهێنی لە پەرستگای یەزدان بوو،
لە کاتێکدا عەتەلیا فەرمانڕەوای خاکەکە بوو.
٤ لە ساڵی حەوتەم یەهۆیاداع ناردی بەدوای فەرماندەی یەکەی سەدان،
پاسەوانەکان و پاسەوانە تایبەتەکان،
هێنانی بۆ لای خۆی لە پەرستگای یەزدان،
پەیمانێکی لەگەڵدا بەستن،
لە پەرستگای یەزدان سوێندی دان و کوڕەکەی پاشای پیشان دان.
٥ ئینجا فەرمانی پێ کردن و گوتی:
«ئەمە ئەو کارەیە کە ئێوە دەیکەن،
ئێوە کە بە سێ تیپ لە ڕۆژی شەممە دەست بە پاسەوانی دەکەن،
سێیەکتان لە کۆشکی شاهانە،
٦ سێیەکیش لە دەروازەی سوڕ و سێیەکیش لە دەروازەکەی پشت پاسەوانە تایبەتەکان،
کە بە نۆرە پاسەوانی پەرستگاکە دەکەن.
٧ ئێوەش کە لەناو ئەو دوو تیپەی دیکە کە بە ئاسایی لە ڕۆژی شەممە ئەرکی پاسەوانیێتییان لە ئەستۆ نییە،
پێویستە هەر هەمووتان لە پێناوی پاشا پاسەوانیێتی پەرستگای یەزدان بکەن.
٨ چواردەوری پاشا بگرن،
هەرکەسە و چەکەکەی لە دەست بێت،
ئەوەی بێتە ناو ڕیزەکانتانەوە دەکوژرێت.
لەگەڵ پاشا بن بۆ هەرکوێیەک بچێت.»
٩ فەرماندەکانی یەکەی سەدانیش ئەوەیان کرد کە یەهۆیاداعی کاهین فەرمانی پێ کردن.
هەر یەکێک پیاوەکانی خۆی برد و هاتنە لای یەهۆیاداعی کاهین،
ئەوانەی لە ڕۆژی شەممە لەسەر ئەرکەکانیانن و ئەوانەش کە لەسەر ئەرک نین.
١٠ کاهینەکەش ڕم و قەڵغانەکانی داودی پاشا کە لە پەرستگای یەزدان بوون دایە فەرماندەی یەکەی سەدان.
١١ پاسەوانە تایبەتەکان هەریەکە چەک بە دەست لە دەوری پاشا ڕاوەستان،
لە نزیک قوربانگا و پەرستگا،
لەلای باشووری پەرستگاکەوە هەتا لای باکوور.
١٢ ئینجا یەهۆیاداع کوڕەکەی پاشای هێنایە دەرەوە و تاجەکەی لەسەر سەری دانا،
وێنەیەکی پەیمانەکەی دایێ و کردیانە پاشا.
دەستنیشانیان کرد و چەپڵەیان بۆ لێدا و گوتیان:
«بژی پاشا!»
١٣ کاتێک عەتەلیا گوێی لە دەنگی پاسەوانە تایبەتەکان و خەڵکەکە بوو،
هاتە لای ئەو خەڵکەی لە پەرستگای یەزدان بوون.
١٤ تەماشای کرد وا پاشا هەروەک چۆن نەریتە،
لەلای کۆڵەکەکە ڕاوەستاوە،
سەرکردەکان و کەڕەنا لێدەرەکان لەلای پاشان،
هەموو گەلی خاکەکە دڵخۆشن و کەڕەنا لێ دەدەن.
ئینجا عەتەلیا جلەکانی لەبەرخۆی دادڕی و هاواری کرد:
«ناپاکییە!
ناپاکییە!»
١٥ یەهۆیاداعی کاهینیش فەرمانی بە فەرماندەی یەکەی سەدان و ئەفسەرانی لەشکر کرد و پێی گوتن:
«بیبەنە دەرەوەی ڕیزەکان و ئەوەش کە بەدوای کەوت بە شمشێر بیکوژن.»
چونکە پێشتر کاهینەکە گوتبووی،
«نابێت لەناو پەرستگای یەزدان بکوژرێت.»
١٦ ئیتر گرتیان و لەسەر ڕێگای هاتنە ژوورەوەی ئەسپەکان بۆ کۆشکی پاشا کوژرا.
١٧ یەهۆیاداعیش پەیمانی لەنێوان یەزدان لە لایەک و پاشا و گەل لە لایەکی دیکەوە بەست تاکو ببنە گەلی یەزدان.
هەروەها پەیمانیشی لەنێوان پاشا و گەل بەست.
١٨ ئینجا هەموو گەلی خاکەکە هاتنە ناو پەرستگای بەعل و تێکیاندا و قوربانگا و بتەکانیان بە تەواوەتی شکاند،
مەتانی کاهینی بەعلیان لەبەردەم قوربانگاکان کوشت.
یەهۆیاداعی کاهینیش چەند ئەفسەرێکی لەسەر پەرستگای یەزدان دانا.
١٩ پاشان فەرماندەی سەدان و پاسەوان و پاسەوانە تایبەتەکان و هەموو گەلی خاکەکەی برد و پاشایان لە پەرستگای یەزدانەوە هێنایە خوارەوە،
بە ڕێگای دەروازەی پاسەوانە تایبەتەکاندا چوونە ژوورەوە بۆ کۆشکی پاشا،
پاشاش چووە شوێنی خۆی و لەسەر تەختی پاشایەتی دانیشت.
٢٠ هەموو گەلی خاکەکەش دڵخۆش بوون و شارەکە حەوایەوە،
لەبەر ئەوەی عەتەلیایان لە نزیک کۆشکی پاشا بە شمشێر کوشت.
٢١ یۆئاش کە بوو بە پاشا،
کوڕێکی حەوت ساڵان بوو.