دەستنیشانکردنی یێهو وەک پاشای ئیسرائیل
١ ئەلیشەع پێغەمبەر ئەندامێکی لە کۆمەڵی پێغەمبەرەکان بانگکرد و پێی گوت:
«کەواکەت لە ناوقەدت ببەستە و گۆزەیەک زەیت لەگەڵ دەستت هەڵبگرە و بڕۆ ڕامۆتی گلعاد.
٢ کە گەیشتییە ئەوێ بەدوای یێهوی کوڕی یەهۆشافاتی کوڕی نیمشیدا بگەڕێ،
لەنێو براکانی هەڵیبستێنە و بە تەنها لە ژوورەکەوە بیبە بۆ ژوورێکی دیکە.
٣ پاشان گۆزە زەیتەکە بگرە و بەسەر سەریدا بکە و بڵێ،
یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
”وەک پاشای ئیسرائیل دەستنیشانم کردیت.“
ئینجا دەرگاکە بکەرەوە و هەڵبێ و چاوەڕێ مەکە!»
٤ ئیتر گەنجە خزمەتکارەکەی پێغەمبەرەکە چوو بۆ ڕامۆتی گلعاد.
٥ کاتێک گەیشت،
بینی وا ئەفسەرەکانی سوپا پێکەوە دانیشتوون.
گوتی:
«ئەی سەرکردە،
قسەیەکم بۆ تۆ پێیە.»
یێهو لێی پرسی:
«بۆ کامەمان؟»
ئەویش وەڵامی دایەوە:
«بۆ تۆ،
ئەی سەرکردە.»
٦ یێهو هەستا و چووە ماڵەکە.
پێغەمبەرەکە زەیتەکەی کرد بە سەری یێهودا و پێی گوت:
«یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل وای فەرمووە:
”وەک پاشا دەستنیشانم کردوویت بۆ گەلی یەزدان،
بۆ ئیسرائیل.
٧ لە بنەماڵەی ئەحاڤی گەورەشت دەدەیت،
تۆڵەی خوێنی بەندە پێغەمبەرەکانم و خوێنی هەموو بەندەکانی یەزدان لە ئیزابێل دەکەمەوە.
٨ هەموو بنەماڵەی ئەحاڤ لەناودەبردرێت.
هەموو نێرینەیەک لە ئەحاڤ،
کۆیلە و ئازاد،
لە ئیسرائیل ڕیشەکێش دەکەم.
٩ بنەماڵەی ئەحاڤیش وەک بنەماڵەی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات و بنەماڵەی بەعشای کوڕی ئاحییا لێ دەکەم.
١٠ ئیزابێلیش لەو پارچە زەوییەی کە لە یەزرەعیلە سەگ دەیخوات و کەسیش نابێت بینێژێت.“»
ئینجا دەرگاکەی کردەوە و هەڵات.
١١ کاتێک یێهو چووە دەرەوە بۆ لای برا ئەفسەرەکانی،
لێیان پرسی:
«خێرە،
ئەو شێتە بۆ چی هاتە لات؟»
یێهو وەڵامی دایەوە:
«ئێوە پیاوەکە دەناسن و دەشزانن چ قسەیەک دەکات.»
١٢ ئەوانیش گوتیان:
«ئەوە ڕاست نییە!
ئینجا پێمان بڵێ.»
یێهو گوتی:
«ئەوەی پێ گوتم:
”یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
دەستنیشانم کردوویت بە پاشای ئیسرائیل.“»
١٣ هەریەکە و بە پەلە کەواکەی داکەند و لەژێر پێی یێهو لەسەر پلەکانی پێپلیکانەکە ڕایانخست.
فوویان بە کەڕەنادا کرد و هاواریان کرد،
«یێهو پاشایە!»
کوشتنی یۆرام و ئەحەزیا
١٤ ئیتر یێهوی کوڕی یەهۆشافاتی کوڕی نیمشی پیلانی لە دژی یۆرام گێڕا.
یۆرام خۆی و هەموو ئیسرائیل بەرگرییان لە ڕامۆتی گلعاد دەکرد لە دژی حەزائێل پاشای ئارام.
١٥ بەڵام یۆرام پاشا گەڕابووەوە یەزرەعیل،
هەتا لەو برینانە چاک بێتەوە کە لەلایەن ئارامییەکانەوە بریندار کرا،
لە کاتی جەنگ لە دژی حەزائێلی پاشای ئارام.
ئینجا یێهو گوتی:
«ئەگەر حەز دەکەن بمکەنە پاشا،
مەهێڵن کەس لە شارەکە دەربازبێت و بچێت لە یەزرەعیل ڕایبگەیەنێت.»
١٦ ئینجا یێهو سواری گالیسکە بوو و چوو بۆ یەزرەعیل،
چونکە یۆرام لەوێ لەناو جێگا کەوتبوو،
هەروەها ئەحەزیای پاشای یەهودا بۆ سەردانی یۆرام چووبوو.
١٧ ئێشکگرێک لەسەر قوللەکەی یەزرەعیل ڕاوەستابوو چاوی بە سەربازەکانی یێهو کەوت کاتێک بەرەو پێش دەهاتن،
گوتی:
«من کۆمەڵێک سەرباز دەبینم.»
یۆرامیش گوتی:
«سوارێک ببە و بینێرە بۆ بینینیان،
با لێیان بپرسێ:
”ئایا بۆ ئاشتی هاتوون؟“»
١٨ ئیتر ئەسپ سوارەکە چوو بۆ بینینی و گوتی:
«پاشا دەڵێت:
”ئایا بۆ ئاشتی هاتوون؟“»
یێهو گوتی:
«بۆچی باسی ئاشتی دەکەی؟
بەدوام بکەوە.»
ئینجا ئێشکگرەکە بە پاشای ڕاگەیاند:
«نێردراوەکە گەیشتە لایان،
بەڵام نەگەڕایەوە.»
١٩ پاشان ئەسپ سوارێکی دیکەی نارد و هات بۆ لایان و گوتی:
«پاشا دەڵێت:
”ئایا بۆ ئاشتی هاتوون؟“»
یێهو گوتی:
«بۆچی باسی ئاشتی دەکەی؟
بەدوام بکەوە.»
٢٠ دیسان ئێشکگرەکە ڕایگەیاند:
«گەیشتە لایان،
بەڵام نەگەڕایەوە.
لێخوڕینەکە وەک لێخوڕینی یێهوی کوڕی نیمشی وایە،
چونکە شێتانە لێدەخوڕێت.»
٢١ یۆرام فەرمانی دا:
«گالیسکەکەم بۆ ببەستن.»
گالیسکەکەی بەسترا.
یۆرامی پاشای ئیسرائیل و ئەحەزیای پاشای یەهودا هەریەکە بە گالیسکەکەی خۆیان چوونە دەرەوە بەرەوپیری یێهو.
لەناو ئەو زەوییەی کە هی ناڤۆتی یەزرەعیلی بوو تووشی بوون.
٢٢ کاتێک یۆرام یێهوی بینی،
لێی پرسی:
«یێهو،
ئایا بۆ ئاشتی هاتوویت؟»
ئەویش وەڵامی دایەوە:
«هەتا بتپەرستی و جادووگەری ئیزابێلی دایکت بەردەوام بێت،
چۆن ئاشتی فەراهەم دەبێت؟»
٢٣ یۆرام ڕووی وەرگێڕا و هەڵات،
هاواری بۆ ئەحەزیا کرد:
«ئەحەزیا،
ناپاکییە!»
٢٤ یێهوش کەوانەکەی ڕاکێشا و تیرێکی لەنێو شانەکانی یۆرام دا.
تیرەکە لە دڵییەوە هاتە دەرەوە،
لەناو گالیسکەکەی کەوت.
٢٥ یێهو بە بیدقەری ئەفسەری گالیسکەکانی گوت:
«هەڵیبگرە و فڕێیبدە ناو کێڵگەکەی ناڤۆتی یەزرەعیلی.
لەبیرت بێت کاتێک من و تۆ پێکەوە بەدوای ئەحاڤی باوکیدا سواری گالیسکە بووین،
یەزدان ئەم سروشەی* سەبارەت بەو ڕاگەیاند:
٢٦ ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
دوێنێ خوێنی ناڤۆتی یەزرەعیلی و کوڕەکانیم بینی،
لەم زەوییەدا تۆڵەت لێ دەکەمەوە،
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“
* ئێستاش بەپێی فەرمایشتی یەزدان هەڵیبگرە و فڕێیبدە ناو کێڵگەکە.»
٢٧ کاتێک ئەحەزیای پاشای یەهودا ئەمەی بینی،
بە ڕێگای بێت‌هەگان هەڵات.
یێهو ڕاوی نا و گوتی:
«ئەویش بکوژن!»
ئەوانیش لە هەورازەکەی گور ئەوەی لەلای یەڤلەعامە لەناو گالیسکەکەی لێیاندا.
بەڵام بۆ مەگیدۆ هەڵات و لەوێ مرد.
٢٨ خزمەتکارەکانیشی بەرەو ئۆرشەلیم تەرمەکەیان سواری گالیسکەیەک کرد و لەوێ لە گۆڕەکەیدا لەگەڵ باوباپیرانی لە شاری داود ناشتیان.
٢٩ لە ساڵی یازدەیەمینی پاشایەتی یۆرامی کوڕی ئەحاڤ،
ئەحەزیا ببوو بە پاشای یەهودا.
کوشتنی ئیزابێل
٣٠ ئینجا یێهو هاتە یەزرەعیل،
ئیزابێلیش ئەمەی بیستەوە و کلی لە چاوەکانی کرد،
پرچی ڕێکخست و لە پەنجەرەکەوە تەماشای خوارەوەی کرد.
٣١ کە یێهو لە دەروازەکەوە هاتە ژوورەوە،
لێی پرسی:
«ئەی زیمری،
بکوژی گەورەکەت،
ئایا بۆ ئاشتی هاتوویت؟»
٣٢ ئەویش چاوی بۆ لای پەنجەرەکە هەڵبڕی و گوتی:
«کێ لەگەڵ منە،
کێ؟»
دوو سێ کاربەدەستیش تەماشای ئەویان کرد لە خوارەوە.
٣٣ یێهو گوتی:
«فڕێیبدەنە خوارەوە!»
ئەوانیش فڕێیان دایە خوارەوە،
ئەویش بە ئەسپەکانی پێشێلی کرد و هەندێک لە خوێنەکەی بە دیوارەکە و ئەسپەکانی پرژا.
٣٤ پاشان یێهو هاتە ژوورەوە و خواردی و خواردیەوە،
ئینجا گوتی:
«ئاگاداری ئەو ژنە نەفرەت لێکراوە بن و بینێژن،
چونکە کچی پاشایە.»
٣٥ بەڵام کاتێک چوون بینێژن،
جگە لە کەللەسەری و پێیەکانی و لەپی دەستی هیچی دیکەیان نەدۆزییەوە.
٣٦ گەڕانەوە و بە یێهویان ڕاگەیاند.
ئەویش گوتی:
«ئەمە فەرمایشتی یەزدانە کە لە ڕێگەی ئەلیاسی تیشبی خزمەتکاریەوە فەرمووی،
لە پارچە زەوییەکەی یەزرەعیل سەگ گۆشتی ئیزابێل دەخۆن.*
٣٧ لاشەکەی ئیزابێلیش وەک زبڵ دەبێت لەسەر کێڵگەی زەوییەکەی یەزرەعیل،
هەتا نەڵێن ”ئەمە ئیزابێلە.“»