ئامادەکاری بۆ بنیادنانی پەرستگا
١ کاتێک حیرامی پاشای هەرێمی سور بیستی کە سلێمانیان دەستنیشان کردووە بۆ پاشایەتی لە شوێنی باوکی،
خزمەتکارەکانی خۆی ناردە لای،
چونکە حیرام بە درێژایی ژیانی هاوڕێ و دۆستی داود بوو.
٢ سلێمانیش ناردی بۆ لای حیرام و گوتی:
٣ «تۆ دەربارەی داودی باوکم دەزانیت،
کە نەیتوانی پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگاری بنیاد بنێت،
بەهۆی ئەو جەنگانەی دەوریان دا،
هەتا ئەو کاتەی یەزدان دوژمنەکانی خستە ژێر پێیەوە.
٤ بەڵام ئێستا یەزدانی پەروەردگارم لە هەموو لایەکەوە منی حەساندووەتەوە،
نە ناحەز هەیە و نە ڕووداوی خراپ.
٥ لەبەر ئەوە گوتم پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگارم بنیاد بنێم،
هەروەک چۆن یەزدان بە داودی باوکمی فەرموو:
”کوڕەکەت،
ئەوەی لە شوێنی تۆ لەسەر تەختەکەت دایدەنێم ئەو ماڵەکە بۆ ناوی من بنیاد دەنێت.“
٦ «ئێستاش فەرمان بدە با دار ئورزم لە لوبنانەوە بۆ ببڕنەوە،
خزمەتکارەکانم لەگەڵ خزمەتکارەکانت دەبن و کرێی خزمەتکارەکانت پێدەدەم،
بەگوێرەی هەموو ئەوەی تۆ دەیڵێیت،
چونکە تۆ دەزانیت کەس نییە لەناومان بزانێت وەک سەیدائییەکان دار ببڕێتەوە.»
٧ ئەوە بوو کە حیرام گوێی لە قسەکانی سلێمان بوو،
زۆر دڵخۆش بوو و گوتی:
«ئەمڕۆ ستایش بۆ یەزدان،
ئەوەی کوڕێکی دانای دایە داود،
هەتا فەرمانڕەوایەتی ئەم گەلە مەزنە بکات.»
٨ ئیتر حیرام ناردی بۆ لای سلێمان و گوتی:
«ئەوەی بۆ منت نارد گوێم لێی بوو،
هەرچی ئارەزوو بکەیت ئەوە دەکەم بۆ داری ئورز و دار سنەوبەرەکان.
٩ خزمەتکارەکانم لە لوبنانەوە بۆ دەریا دەیانهێنن و منیش لەسەر دەریا دەیانکەمە کەڵەک،
هەتا ئەو شوێنەی خۆت دیاری دەکەیت لەوێ هەڵیاندەوەشێنمەوە و تۆش باریان دەکەیت.
بە دابینکردنی نانیش بۆ ماڵەکەم خواستی من بەجێدەهێنیت.»
١٠ ئەوە بوو حیرام بەپێی ئارەزووی سلێمان داری ئورز و سنەوبەری دایێ.
١١ سلێمانیش هەر ساڵێک بیست هەزار کۆر* گەنم و بیست هەزار بەت* زەیتی زەیتوونی وەک ئازووقە دەدایە ماڵی حیرام.
١٢ یەزدانیش هەروەک چۆن بەڵێنی پێدابوو دانایی دایە سلێمان،
ئاشتی لەنێوان سلێمان و حیرام هەبوو،
هەردووکیان پەیمانیان بەست.
١٣ سلێمانی پاشا لە هەموو ئیسرائیل بێگاری بە سی هەزار پیاو کرد.
١٤ هەر مانگە و بە نۆبە دە هەزاری لێیان دەناردە لوبنان،
مانگێک لە لوبنان دەبوون و دوو مانگیش لە ماڵەوە،
ئەدۆنیرامیش سەرپەرشتیاری کاری بێگاری بوو.
١٥ سلێمان حەفتا هەزار کۆڵکێش و هەشتا هەزار نەقاڕی لە چیا هەبوو.
١٦ بێجگە لەمە سلێمان سێ هەزار و سێ سەد سەرکاریشی هەبوو سەرپەرشتی کارەکە و کرێکارەکانیان دەکرد.
١٧ هەروەها پاشا فەرمانی دا کە بەردی گەورە هەڵبکەنن،
بەردی نایاب بۆ دامەزراندنی پەرستگاکە بە بەردی تاشراو.
١٨ وەستاکانی سلێمان و حیرام و کرێکارانی شاری جوبەیل* دار و بەردەکانیان ئامادە کرد بۆ بنیادنانی پەرستگاکە.