داود و بەتشەبەع
١ لە بەهاری ساڵ،
لە کاتی ڕۆیشتنی پاشاکان بۆ جەنگ،
داود یۆئابی لەگەڵ هەموو خزمەتکارەکانی و هەموو سوپای ئیسرائیلدا نارد و عەمۆنییەکانیان تێکشکاند و ڕەبەیان گەمارۆ دا،
بەڵام داود لە ئۆرشەلیم مایەوە.
٢ ئەوە بوو دەمەو ئێوارە داود لەسەر قەرەوێڵەکەی هەستا و لە سەربانی کۆشکی پاشا پیاسەی دەکرد،
لە سەربانەوە ژنێکی بینی خۆی دەشوات،
ژنێکی زۆر جوان بوو.
٣ داودیش پیاوێکی نارد بۆ سۆراغی ژنەکە و ئەویش پێی گوت:
«ئەمە بەتشەبەعی کچی ئەلیعامە و ژنی ئوریای حیتییە.»
٤ ئینجا داود چەند نێردراوێکی نارد بۆ هێنانی،
ژنەکەش لە خوێنلێچوونی مانگانەی پاک ببووەوە و هاتە لای داود،
ئەویش لەگەڵی جووت بوو،
پاشان ژنەکە گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی خۆی.
٥ ژنەکە سکی پڕ بوو،
ناردی و بە داودی ڕاگەیاند و گوتی:
«سکم پڕە.»
٦ داودیش نێردراوی بۆ لای یۆئاب نارد و گوتی:
«ئوریای حیتیم بۆ بنێرە.»
یۆئابیش ئوریای بۆ لای داود نارد.
٧ کاتێک ئوریا هاتە لای،
داود لە هەواڵی سەلامەتی یۆئاب و سوپا و چۆنیەتی سەرکەوتنی جەنگی پرسی.
٨ پاشان داود بە ئوریای گوت:
«بگەڕێوە ماڵەکەت و قاچەکانت بشۆ.»
جا ئوریا لە کۆشکی پاشا چووە دەرەوە،
دوابەدوای ئەویش دیارییەک لەلایەن پاشاوە نێردرا بۆی.
٩ بەڵام ئوریا لە دەروازەی کۆشکی پاشادا لەگەڵ هەموو خزمەتکارەکانی گەورەکەیدا خەوت و نەگەڕایەوە ماڵەکەی خۆی.
١٠ ئینجا بە داود ڕاگەیەنرا کە ئوریا نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە.
داودیش بە ئوریای گوت:
«تۆ لە ڕێوە نەهاتوویت؟
ئەی بۆچی نەگەڕایتەوە ماڵەوە؟»
١١ ئوریاش بە داودی گوت:
«سندوقەکە و ئیسرائیل و یەهودا لەناو چادردا نیشتەجێن،
یۆئابی گەورەم لەگەڵ پیاوەکانی پاشام لە دەشتودەر چادریان هەڵداوە.
ئایا منیش بچمەوە ماڵەکەم بخۆم و بخۆمەوە و لەگەڵ ژنەکەمدا پاڵ بکەوم؟
بە گیانی تۆ،
دڵنیابە،
من کاری وا ناکەم!»
١٢ ئینجا داود بە ئوریای گوت:
«ئەمڕۆش لێرە بمێنەرەوە و سبەینێ دەتنێرمەوە.»
ئیتر ئوریا بۆ ئەو ڕۆژە و ڕۆژی دواتریش لە ئۆرشەلیمدا مایەوە.
١٣ داود بانگی کرد،
ئەویش لەگەڵیدا خواردی و خواردیەوە هەتا ئەوەی داود ئەوی مەست کرد،
بەڵام ئوریا بۆ ئێوارە ڕۆیشت تاوەکو لەگەڵ خزمەتکارەکانی گەورەکەیدا لە جێگاکەی بنووێت و نەچێتەوە ماڵەکەی خۆی.
١٤ بۆ بەیانی داود نووسراوێکی بۆ یۆئاب نووسی و بە دەستی ئوریادا ناردی.
١٥ لە نووسراوەکەشدا نووسیبووی و دەیگوت:
«ئوریا بخەنە ناو گەرمەی شەڕەکەوە و لە پشتی بکشێنەوە هەتا لێی دەدرێت و دەکوژرێت.»
١٦ جا کاتێک یۆئاب گەمارۆی شارەکەی دابوو،
ئوریای لەو شوێنە دانا کە دەیزانی پیاوە بەهێزەکان لەوێن.
١٧ لەو کاتەدا پیاوانی شارەکە هاتنە دەرەوە و لە دژی یۆئاب جەنگان،
ژمارەیەک لە خزمەتکارەکانی داود کەوتن و ئوریای حیتیش کوژرا.
١٨ یۆئابیش نێردراوێکی نارد و هەموو کاروبارەکانی جەنگی بە داود ڕاگەیاند.
١٩ فەرمانیشی بە نێردراوەکە کرد و گوتی:
«پاش ئەوەی وردەکارییەکانی جەنگەکە بۆ پاشا باس دەکەیت،
٢٠ ئەگەر تووڕەیی پاشا جۆشا و گوتی:
”بۆچی لە شارەکە نزیک کەوتنەوە بۆ جەنگ؟
ئەی نەتانزانی ئەوان لەسەر شووراکەوە تیرتان تێدەگرن؟
٢١ کێ ئەبیمەلەخی کوڕی یەروبەشەتی* کوشت؟
ئایا ژنێک لەسەر شووراوە بەرداشی سەرەوەی دەستاڕێکی تێنەگرت و لە تێڤێچ کوژرا؟
بۆ لە شووراکە نزیک کەوتنەوە؟“
تۆش ئەو کاتە بڵێ:
”هەروەها ئوریای حیتی خزمەتکاریشت کوژراوە.“»
٢٢ نێردراوەکە ڕۆیشت،
کاتێک هاتە لای داود هەموو ئەو شتانەی پێ ڕاگەیاند کە یۆئاب پێی ڕاسپاردبوو.
٢٣ هەروەها نێردراوەکە بە داودی گوت:
«پیاوانی شارەکە بەسەرماندا زاڵ بوون،
هاتن لە دەشتودەر لەگەڵمان بجەنگن،
بەڵام هەتا دەمی دەروازەکە پاشەکشەمان پێکردن.
٢٤ ئینجا تیرهاوێژەکان لەسەر شووراکەوە تیربارانیان کردین و ژمارەیەک لە خزمەتکارەکانی پاشا کوژران،
ئوریای حیتی خزمەتکاریشت کوژرا.»
٢٥ داودیش بە نێردراوەکەی گوت:
«ئاوا بە یۆئاب دەڵێیت:
”ئەم کارەت پێ خراپ نەبێت،
چونکە شمشێر جارێ ئەم و جارێ ئەو دەخوات.
شەڕەکەت لەسەر شارەکە بەتین بکە و کاولی بکە.“
ئەمە بۆ هاندانی یۆئاب بڵێ.»
٢٦ کاتێک ژنەکەی ئوریا بیستی کە ئوریای مێردی کوژراوە،
شیوەنی بۆ پیاوەکەی گێڕا.
٢٧ پاش تێپەڕبوونی ڕۆژانی پرسە،
داود بەدوایدا نارد و خستییە پاڵ ماڵەکەی خۆیەوە،
ئیتر بوو بە ژنی و کوڕێکی لێی بوو.
بەڵام یەزدان ئەم کارەی داودی پێ ناخۆش بوو.