١ جەنگ لەنێوان بنەماڵەی شاول و ماڵی داود درێژەی کێشا،
هەتا دەهات داود بەهێزتر دەبوو،
بنەماڵەی شاولیش هەتا دەهات لاوازتر دەبوون.
 
٢ داود لە حەبرۆن چەند کوڕێکی بوو:
 
کوڕە نۆبەرەکەی ئەمنۆن بوو کە لە ئەحینۆعەمی یەزرەعیلی بوو؛
٣ دووەمیان کیلئیاڤ لە ئەبیگایل بوو کە بێوەژنەکەی نابالی کارمەلی بوو؛
سێیەمیان ئەبشالۆمی* کوڕی مەعکای کچی تەلمەی پاشای گەشوور بوو؛
٤ چوارەمیان ئەدۆنیای کوڕی حەگیس بوو؛
پێنجەمیان شەفەتیای کوڕی ئەبیتەل بوو؛
٥ شەشەمیان یەترعام لە عەگلای ژنی داود بوو.
 
ئەمانە لە حەبرۆن بۆ داود لەدایک بوون.
ئەبنێر دەچێتە پاڵ داود
٦ ئەوە بوو کاتێک جەنگ لەنێوان بنەماڵەی شاول و ماڵی داود بەرپا بوو،
ئەبنێر پێگەی خۆی لەناو بنەماڵەی شاول بەهێز دەکرد.
٧ شاول کەنیزەیەکی هەبوو ناوی ڕیچپای کچی ئەییا بوو،
ئیشبۆشەتیش بە ئەبنێری گوت:
«بۆچی لەگەڵ کەنیزەکەی باوکم جووتبوویت؟»
٨ ئەبنێر بە قسەکەی ئیشبۆشەت زۆر تووڕە بوو و گوتی:
«ئایا من سەگێکم لە خزمەتی یەهودا؟
هەتا ئەمڕۆ من دڵسۆز بووم لەگەڵ ماڵی شاولی باوکت و لەگەڵ براکانی و هاوڕێیەکانی،
هەروەها تۆم نەداوەتە دەست داودەوە.
تۆش بەهۆی پەیوەندیم بەو ژنەوە گوناهبارم دەکەیت؟
٩ با خودا توندترین سزای ئەبنێر بدات،
ئەگەر من پاڵپشتی داود نەکەم و سوێندەکەی یەزدان نەهێنمە دی،
١٠ بۆ گواستنەوەی پاشایەتییەکە لە بنەماڵەی شاولەوە،
هەروەها دامەزراندنی تەختی داود لە ئیسرائیل و یەهودا،
لە دانەوە هەتا بیری شابەع*
١١ ئیتر ئیشبۆشەتیش نەیتوانی بە یەک وشە وەڵامی ئەبنێر بداتەوە،
چونکە لێی دەترسا.
١٢ ئینجا ئەبنێر نێردراوی بۆ لای داود نارد بۆ ئەوەی بە ناوی ئەوەوە بڵێن:
«ئەم خاکە هی کێیە؟»
هەروەها بڵێن:
«پەیمانی خۆتم لەگەڵدا ببەستە،
ئەوەتا منیش دەستم لەگەڵتدایە بۆ ئەوەی هەموو ئیسرائیل بۆ خۆت بگەڕێنیتەوە.»
١٣ داودیش گوتی:
«باشە،
من پەیمانی خۆمت لەگەڵدا دەبەستم،
بەڵام یەک شتت لێ داوا دەکەم،
ئەویش ئەوەیە:
کاتێک دێیت بۆ ئەوەی بمبینیت،
ئەگەر میخەلی کچی شاول لەگەڵ خۆتدا نەهێنیت،
ئەوا ڕووی من نابینیت.»
١٤ ئینجا داود نێردراوی بۆ لای ئیشبۆشەتی کوڕی شاول نارد و گوتی:
«میخەلی ژنم بدەوە کە بە سەد پێستی سەری ئەندامی نێرینەی فەلەستییەکان لە خۆمم مارە کردووە.»
١٥ لەبەر ئەوە ئیشبۆشەت ناردی و لە مێردەکەی وەریگرتەوە،
لە پەلتیێلی کوڕی لایش.
١٦ مێردەکەی لەگەڵی دەڕۆیشت و بەدوایدا دەگریا هەتا گەیشتە بەحوریم.
ئینجا ئەبنێر پێی گوت:
«بڕۆ،
بگەڕێوە!»
ئەویش گەڕایەوە.
١٧ پاشان ئەبنێر لەگەڵ پیرانی ئیسرائیل قسەی کرد و گوتی:
«ئێوە لەمێژە داوای داودتان دەکرد ببێتە پاشاتان،
١٨ کەواتە ئێستا ئەوە بکەن!
لەبەر ئەوەی یەزدان بە داودی فەرمووە:
”من بە دەستی داودی بەندەم ئیسرائیلی گەلم لە دەست فەلەستییەکان و سەرجەم دوژمنەکانیان ڕزگار دەکەم.“»
١٩ هەروەها ئەبنێر لەگەڵ بنیامینییەکان قسەی کرد.
پاشان ئەبنێر چوو بۆ ئەوەی لە حەبرۆن لەگەڵ داود قسە بکات دەربارەی هەموو ئەوەی ئیسرائیل و هەموو بنەماڵەی بنیامین پەسەندیان کردووە.
٢٠ کاتێک ئەبنێر لەگەڵ بیست پیاو هاتە حەبرۆن بۆ لای داود،
داود خوانێکی ساز کرد بۆ ئەبنێر و ئەو پیاوانەی لەگەڵیدا بوون.
٢١ ئەبنێر بە داودی گوت:
«هەڵدەستم و دەڕۆم،
تاکو هەموو ئیسرائیل بۆ پاشای گەورەم کۆبکەمەوە،
بۆ ئەوەی پەیمانت لەگەڵدا ببەستن و تۆش بەپێی هەموو ئەوانەی کە دڵت ئارەزووی دەکات فەرمانڕەوایی بکەیت.»
داودیش ئەبنێری بەڕێکرد و ئەویش بە سەلامەتی ڕۆیشت.
کوشتنی ئەبنێر لەلایەن یۆئابەوە
٢٢ لەو کاتەدا یۆئاب و پیاوانی داود لە پەلامارێک دەگەڕانەوە و دەستکەوتێکی زۆریان لەگەڵ خۆیاندا هێنابوو.
بەڵام ئەبنێر لە حەبرۆن لەگەڵ داود نەبوو،
چونکە بەڕێی کردبوو و بە سەلامەتی ڕۆیشتبوو.
٢٣ کاتێک یۆئاب و هەموو ئەو لەشکرەی لەگەڵی بوو هاتن،
بە یۆئابیان ڕاگەیاند و گوتیان:
«ئەبنێری کوڕی نێر هات بۆ لای پاشا و ئەویش بەڕێی کرد و بە سەلامەتی ڕۆیشت.»
٢٤ لەبەر ئەوە یۆئاب بۆ لای پاشا چووە ژوورەوە و گوتی:
«چیت کرد؟
ئەبنێر هات بۆ لات،
بۆچی بەڕێت کرد بڕوات؟
ئێستا ڕۆیشتووە!
٢٥ تۆ ئەبنێری کوڕی نێر دەناسیت؛
تەنها بۆ ئەوە هاتووە فریوت بدات و چاودێریی جوڵانەوەت بکات و بە هەموو کارەکانت بزانێت.»
٢٦ کاتێک یۆئاب داودی بەجێهێشت،
چەند نێردراوێکی بەدوای ئەبنێردا نارد و لە ئەمباراوی سیرادا گەڕاندیانەوە،
بەڵام داود ئاگای لەمە نەبوو.
٢٧ کاتێک ئەبنێر گەڕایەوە حەبرۆن،
یۆئاب بۆ ئەوەی بە نهێنی قسەی لەگەڵدا بکات بردییە کەناری دەروازەکەوە و لەوێدا لە تۆڵەی خوێنی عەساهێلی برای سکی هەڵدڕی و کوشتی.
٢٨ پاشان داود ئەمەی بیستەوە و گوتی:
«من خۆم و پاشایەتییەکەم هەتاهەتایە لای یەزدان لە خوێنی ئەبنێری کوڕی نێر بێبەرین.
٢٩ با لە ملی یۆئاب و هەموو ماڵی باوکی بێت!
با لە ماڵی یۆئاب زامی درێژخایەن و گەڕوگولی* و دارشەقە بەدەست و بە شمشێر کوژراو و برسی نان نەبڕێتەوە.»
٣٠ (یۆئاب و ئەبیشەی برای،
ئەبنێریان کوشت،
چونکە ئەو عەساهێلی برایانی لە گبعۆن لە جەنگدا کوشتبوو.)
٣١ ئینجا داود بە یۆئاب و هەموو گەل و ئەوانەی لەگەڵیدا بوون،
پێی گوتن:
«جلەکانتان لەبەر خۆتان دابدڕن و جلوبەرگی گوش* بپۆشن و لەبەردەم ئەبنێردا شیوەن بگێڕن.»
داودی پاشاش لەدوای دارەمەیتەکە* دەڕۆیشت.
٣٢ ئەبنێریان لە حەبرۆن ناشت و پاشاش بە دەنگی بەرز لەسەر گۆڕی ئەبنێر گریا.
هەموو گەلیش گریان.
٣٣ هەروەها پاشا بۆ ئەبنێر لاواندییەوە و گوتی:
«ئایا دەبێت ئەبنێر وەک چۆن گێلێک دەمرێت ئاوا بمرێت؟
٣٤ دەستەکانت نەبەسترابوونەوە و
پێیەکانت بە زنجیر کۆت نەکرابوون.
کەوتی،
هەروەک یەکێک لەبەردەم بەدکاران کەوتبێت.»
جا هەموو گەل دەستیان بە گریان کردەوە بۆی.
٣٥ ئیتر هەموو گەل هاتن بۆ ئەوەی نان بدەنە داود و بیخوات.
هێشتا ڕۆژ بوو،
بەڵام داود سوێندی خوارد:
«با خودا توندترین سزام بدات،
ئەگەر پێش خۆرئاوابوون نان یان هەر شتێکی دیکە بخۆم.»
٣٦ هەموو گەل زانییان و لەلایان پەسەند بوو،
هەروەها هەموو ئەو شتانەی کە پاشا کردی لەلایەن هەموو گەلەوە پەسەند بوو.
٣٧ ئینجا لەو ڕۆژەدا هەموو گەل و هەموو ئیسرائیل زانییان کە کوشتنی ئەبنێری کوڕی نێر لەلایەن پاشاوە نەبوو.
٣٨ پاشا بە خزمەتکارەکانی گوت:
«ئایا نازانن ئەمڕۆ لە ئیسرائیلدا میرێک و گەورە پیاوێک کەوتووە؟
٣٩ ئەمڕۆش،
هەرچەندە من پاشا دەستنیشانکراوەکەم،
بەڵام لاوازم و ئەم کوڕانەی چەرویا لە من بەهێزترن.
یەزدان خراپەکار بەپێی خراپەکەی سزا دەدات!»