خۆکوشتنی شاول
١ فەلەستییەکان لە دژی ئیسرائیل جەنگان و پیاوانی ئیسرائیل لەبەردەم فەلەستییەکان هەڵاتن،
ژمارەیەکی زۆریان بە کوژراوی لە کێوی گلبۆع کەوتن.
٢ فەلەستییەکان بە گوڕەوە دوای شاول و کوڕەکانی کەوتن،
یۆناتان و ئەبیناداب و مەلکی‌شوەعی کوڕەکانی شاولیان کوشت.
٣ جەنگەکە لەسەر شاول توندتر بوو،
تیرهاوێژەکان دۆزییانەوە و بە سەختی پێکایان.
٤ شاول بە هەڵگری تفاقەکانی گوت:
«شمشێرەکەت دەربێنە و بمکوژە،
نەوەک ئەو خەتەنەنەکراوانە بێن و بمکوژن و سووکایەتیم پێ بکەن.»
بەڵام هەڵگری تفاقەکانی ڕازی نەبوو،
چونکە زۆر ترسا.
جا شاول شمشێرەکەی برد و خۆی بەسەریدا دا.
٥ کاتێک هەڵگری تفاقەکانی بینی شاول مردووە،
ئەویش خۆی بەسەر شمشێرەکەیدا دا و لەگەڵ ئەو مرد.
٦ لەو ڕۆژەدا شاول و هەر سێ کوڕەکەی و هەڵگری تفاقەکانی و هەموو پیاوەکانی پێکەوە مردن.
٧ کاتێک ئەو ئیسرائیلییانەی کە لەوبەری دۆڵەکە و لەوبەری ڕووباری ئوردون بوون،
بینییان کە سوپای ئیسرائیل هەڵاتوون و شاول و کوڕەکانی مردوون،
شارۆچکەکانیان بەجێهێشت و هەڵاتن،
فەلەستییەکانیش هاتن و تێیاندا نیشتەجێ بوون.
٨ بۆ ڕۆژی دوای ئەوە کاتێک فەلەستییەکان بۆ تاڵانکردنی کوژراوەکان هاتن،
شاول و سێ کوڕەکەی ئەویان دۆزییەوە،
لە کێوی گلبۆع کەوتبوون.
٩ ئینجا سەری شاولیان بڕی و زرێیەکەیان لێی داماڵی،
بە هەموو لایەکدا نێردراویان بۆ خاکی فەلەستییەکان نارد،
تاوەکو مژدە بدەنە پەرستگای بتەکانیان و گەلەکەیان.
١٠ ئینجا زرێیەکەیان لە پەرستگای عەشتۆرەتەکاندا دانا و لاشەکەیان بە دیواری بێت‌شانەوە هەڵواسی.
١١ کاتێک دانیشتووانی یاڤێش گلعاد ئەو شتانەیان بیستەوە کە فەلەستییەکان بە شاولیان کردبوو،
١٢ هەموو پیاوە دلێرەکانیان هەستان و بە درێژایی ئەو شەوە بە ڕێگادا ڕۆیشتن،
لاشەکەی شاول و لاشەی کوڕەکانیان لە دیواری بێت‌شانەوە برد و هێنایانە یاڤێش،
لەوێ سووتاندیان و
١٣ ئێسکەکانیان برد و لەژێر دار گەزەکەدا لە یاڤێش ناشتیان.
حەوت ڕۆژ بەڕۆژوو بوون.