ڕەتکردنەوەی شاول لە پاشایەتی
١ ساموئێل بە شاولی گوت:
«یەزدان منی نارد بۆ ئەوەی تۆ وەک پاشایەک دەستنیشان بکەم لەسەر ئیسرائیلی گەلەکەی.
جا ئێستا گوێت لە فەرمایشتی یەزدان بێت،
٢ یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
”سزای* عەمالێقییەکان دەدەم لەسەر ئەوەی بە ئیسرائیلیان کرد،
کاتێک لەسەر ڕێگا لە دژیان وەستان کە لە میسر هاتنە دەرەوە.
٣ ئێستاش بڕۆ گورز لە عەمالێقییەکان بوەشێنە،
هەموو ئەوەی هەیانە بە تەواوی قڕیان بکە*،
دەستیان لێ مەپارێزە و بیانکوژە،
پیاو و ژن و منداڵ و شیرەخۆرە،
گا و مەڕ و وشتر و گوێدرێژ.“»
٤ جا شاول سوپاکەی بانگکرد و لە تەلائیم کۆی کردنەوە،
دوو سەد هەزار پیادە* و دە هەزار پیاوی یەهودا.
٥ ئینجا شاول چوو بۆ شاری عەمالێق و لە شیوەکەدا خۆی مات کرد،
٦ بە قێنییەکانی گوت:
«بڕۆن و دوورەپەرێز بن و لەنێو عەمالێقییەکان بچنە دەرەوە،
نەوەک ئێوەش لەگەڵ ئەواندا لەناو ببەم،
چونکە ئێوە چاکەتان لەگەڵ هەموو نەوەی ئیسرائیلدا کردووە،
کاتێک لە میسرەوە سەرکەوتن.»
جا قێنییەکان خۆیان لە عەمالێقییەکان دوورەپەرێز گرت.
٧ ئینجا شاول لە عەمالێقییەکانی دا،
لە حەڤیلایەوە هەتا شوور کە لە ڕۆژهەڵاتی میسرە.
٨ هەروەها ئەگاگی پاشای عەمالێقییەکانی بە زیندوویی گرت و هەموو گەلەکەی بە شمشێر بە تەواوی قڕکرد.
٩ بەڵام شاول و سوپاکە دەستیان لە ئەگاگ پاراست،
هەروەها باشترینی مەڕوماڵات و گاوگۆتاڵ و دابەستە و هەموو ئەوەی باش بوو نەیانویست بە تەواوی قڕیان بکەن،
بەڵام هەموو ئەو ماڵەی بێ نرخ و لاواز بوو بە تەواوی قڕیان کرد.
١٠ ئینجا فەرمایشتی یەزدان هات بۆ ساموئێل و فەرمووی:
١١ «خەفەتبارم لەوەی کە شاولم کردە پاشا،
چونکە لێم هەڵگەڕاوەتەوە و فەرمانەکانی منی بەجێنەگەیاند.»
جا ساموئێل دڵتەنگ بوو،
بە درێژایی ئەو شەوە هاواری بۆ یەزدان کرد.
١٢ بەیانی زوو ساموئێل بۆ بینینی شاول هەستا،
جا بە ساموئێل ڕاگەیەنرا:
«شاول چوو بۆ کارمەل* و ئەوەتا تاوەرێکی یادەوەری بۆ خۆی داناوە،
سووڕاوەتەوە و پەڕیوەتەوە و دابەزیوە بۆ گلگال.»
١٣ جا ساموئێل هات بۆ لای شاول،
شاول پێی گوت:
«با بەرەکەتی یەزدانت لەسەر بێت،
من فەرمانی یەزدانم بەجێگەیاند.»
١٤ بەڵام ساموئێل گوتی:
«ئەی باعەباعی ئەو مەڕانە چییە لە گوێمدا دێت،
ئەی بۆڕەبۆڕی ئەو مانگایانە چییە دەیبیستم؟»
١٥ شاولیش وەڵامی دایەوە:
«لەلای عەمالێقییەکانەوە هێناویانە،
ئەوانەیە کە گەل لە باشەکان دەستیان لێ پاراست،
لە مەڕ و مانگا،
بۆ ئەوەی بۆ یەزدانی پەروەردگارت سەری ببڕن،
ئەوانی دیکەشمان بە تەواوی قڕکرد.»
١٦ ئینجا ساموئێل بە شاولی گوت:
«بێدەنگ بە!
با ئەوەت پێ ڕابگەیەنم کە یەزدان دوێنێ شەو چی پێ فەرمووم.»
ئەویش گوتی:
«پێم بڵێ.»
١٧ ساموئێل گوتی:
«هەرچەندە لەبەرچاوی خۆت بچووکیت،
ئایا نەبوویت بە سەرۆکی هۆزەکانی ئیسرائیل؟
ئایا یەزدان دەستنیشانی نەکردیت ببیتە پاشای ئیسرائیل؟
١٨ یەزدان بە ئەرکێک ڕەوانەی کردیت و فەرمووی:
”بڕۆ عەمالێقییە گوناهبارەکان بە تەواوی قڕ بکە و لە دژیان بجەنگە هەتا لەناودەچن.“
١٩ ئیتر بۆچی گوێڕایەڵی یەزدان نەبوویت و پەلاماری دەستکەوتەکەت دا و لەبەرچاوی یەزداندا ئەم خراپەیەت کرد؟»
٢٠ شاولیش بە ساموئێلی گوت:
«من گوێڕایەڵی یەزدان بووم و ئەو ئەرکەم بەجێهێنا کە پێی سپاردم،
ئەگاگی پاشای عەمالێقم هێنا و عەمالێقییەکانم بە تەواوی قڕکرد.
٢١ جەنگاوەران لە دەستکەوتەکە مەڕ و مانگایان برد،
باشترینی تەرخانکراوەکان بۆ خودا*،
تاکو لە گلگال بۆ یەزدانی پەروەردگارت سەری ببڕن.»
٢٢ بەڵام ساموئێل گوتی:
«ئایا یەزدان دڵخۆشە بە قوربانی سووتاندن و سەربڕدراوەکان
یان بە گوێڕایەڵبوون بۆ فەرمایشتی یەزدان؟
گوێڕایەڵی لە سەربڕین باشترە،
سەرنجدانیش لە چەوری بەرانەکان.
٢٣ یاخیبوون وەک گوناهی فاڵگرتنەوەیە*،
کەللەڕەقی تاوان و بتپەرستییە.
لەبەر ئەوەی فەرمایشتی یەزدانت ڕەتکردەوە،
ئەویش لە پاشایەتی ڕەتی کردوویتەوە.»
٢٤ ئینجا شاول بە ساموئێلی گوت:
«گوناهم کرد.
سەرپێچی فەرمانی یەزدان و قسەی تۆم کرد،
چونکە لە گەل ترسام و بە قسەی ئەوانم کرد.
٢٥ ئێستاش تکایە لە گوناهم خۆشبە و لەگەڵمدا بگەڕێوە،
بۆ ئەوەی کڕنۆش بۆ یەزدان ببەم.»
٢٦ بەڵام ساموئێل بە شاولی گوت:
«لەگەڵتدا ناگەڕێمەوە،
چونکە فەرمایشتی یەزدانت ڕەتکردەوە،
یەزدانیش وەک پاشای ئیسرائیل ڕەتی کردوویتەوە.»
٢٧ کاتێک ساموئێل ئاوڕی دایەوە بۆ ئەوەی بڕوات،
شاول دامێنی کەواکەی گرت و دڕا.
٢٨ ساموئێلیش پێی گوت:
«یەزدان ئەمڕۆ پاشایەتی ئیسرائیلی لێت دابڕی و دای بە نزیکەکەت کە لە تۆ باشترە.
٢٩ هەروەها شکۆی* ئیسرائیل درۆ ناکات و بڕیاری ناگۆڕێت،
چونکە ئەو مرۆڤ نییە تاکو بڕیاری بگۆڕێت.»
٣٠ شاولیش گوتی:
«ئێستا گوناهم کردووە،
تکایە لەبەردەم پیرانی گەلەکەم و لەبەردەم ئیسرائیلدا ڕێزم لێبنێ،
لەگەڵمدا بگەڕێوە تاکو کڕنۆش بۆ یەزدانی پەروەردگارت ببەم.»
٣١ ئینجا ساموئێل بەدوای شاولدا گەڕایەوە،
شاول کڕنۆشی بۆ یەزدان برد.
٣٢ پاشان ساموئێل گوتی:
«ئەگاگی پاشای عەمالێقم بۆ بهێننە ئێرە.»
ئەگاگیش بە متمانەوە چوو بۆ لای و گوتی:
«بێگومان تاڵی مەرگ ڕەوییەوە.»
٣٣ بەڵام ساموئێل گوتی:
«وەک چۆن شمشێرەکەت ژنانی وەجاخکوێر کرد،
ئاواش دایکت وەجاخکوێر دەبێت.»
ئینجا ساموئێل لە گلگال لەبەردەم یەزدان ئەگاگی پارچەپارچە کرد.
٣٤ پاشان ساموئێل چوو بۆ ڕامە و شاولیش سەرکەوت بۆ ماڵەکەی لە گیڤعای شاولدا.
٣٥ ئیتر ساموئێل هەتا ڕۆژی مردنی نەگەڕایەوە بۆ بینینی شاول،
هەرچەندە شیوەنیشی بۆ دەگێڕا.
یەزدانیش خەفەتبار بوو کە شاولی کردە پاشای ئیسرائیل.