١ ئینجا ساموئێل گۆزە زەیتەکەی هەڵگرت و بەسەر سەری شاولدا ڕشتی و ماچی کرد و گوتی:
«ئایا یەزدان دەستنیشانی نەکردوویت ببیتە فەرمانڕەوای میراتەکەی*؟
٢ ئەمڕۆ کە لای من دەڕۆیت،
لەلای گۆڕی ڕاحێل لە سنووری بنیامین لە چەلچەح دوو پیاو دەبینیت و پێت دەڵێن:
”ماکەرەکان دۆزرانەوە کە بۆ دۆزینەوەیان ڕۆیشتن،
ئەوەتا باوکت وازی لە بابەتی ماکەرەکان هێناوە و دڵی لای ئێوەیە،
دەڵێت،
’چی بکەم سەبارەت بە کوڕەکەم؟‘ “
٣ «ئینجا ئەوێ بەجێدەهێڵیت و دەڕۆیت،
هەتا دەگەیتە دار بەڕووەکەی تاڤۆر،
لەوێدا سێ پیاو دەبینیت بۆ لای خودا سەردەکەون بۆ بێت‌ئێل،
یەکێکیان سێ کارەبزن و ئەوی دیکەیان سێ کولێرە و ئەوی دیکەشیان مەشکەیەک شەرابی هەڵگرتووە.
٤ ئەوان سڵاوت لێ دەکەن و دوو نانت دەدەنێ و تۆش لە دەستیان وەردەگریت.
٥ «پاشان بۆ گیڤعای خودا دەڕۆیت کە سەربازگەی فەلەستییەکانی لێیە.
لەوێ کاتێک دەگەیتە شارۆچکەکە،
دەستەیەک لە پێغەمبەران دەبینیت کە لە نزرگەی سەر بەرزاییەکەوە دابەزیون و لەبەردەمیانەوە ساز و دەف و شمشاڵ و قیسارە لێدەدرێت و ئەوانیش حاڵ دەگرن*.
٦ ئینجا ڕۆحی یەزدان بە تواناوە دێتە سەرت و لەگەڵ ئەوان حاڵ دەگریت و دەگۆڕدرێیت بۆ پیاوێکی دیکە.
٧ کاتێک ئەم نیشانانە هاتن،
ئەوەی لە دەستت دێ بیکە،
چونکە خودات لەگەڵدایە.
٨ «لەپێشمەوە دابەزە بۆ گلگال و منیش وا بۆ لای تۆ دادەبەزم هەتا قوربانی سووتاندن پێشکەش بکەم و قوربانی هاوبەشی* سەرببڕم،
حەوت ڕۆژ چاوەڕوان دەبیت هەتا دێمە لات و نیشانت دەدەم چی بکەیت.»
شاول دەبێتە پاشا
٩ کاتێک شاول ڕووی وەرگێڕا بۆ ئەوەی لەلای ساموئێل بڕوات،
خودا دڵێکی دیکەی بە شاول دا و هەموو ئەو نیشانانەش لەو ڕۆژەدا هاتنە دی.
١٠ کاتێک گەیشتنە گیڤعا،
دەستەیەک لە پێغەمبەران بەرەو ڕووی هاتن،
جا ڕۆحی خودا بە تواناوە هاتە سەری و لە ناوەڕاستیاندا حاڵی گرت.
١١ کاتێک ئەوانەی کە پێشتر دەیانناسی بینییان لەگەڵ پێغەمبەرەکان حاڵی گرتووە،
خەڵکەکە هەریەکە و بەوی دیکەی گوت:
«ئایا لە کوڕەکەی قیش چی ڕوویداوە؟
ئایا شاولیش لە ڕیزی پێغەمبەرەکانە؟»
١٢ جا پیاوێک لەوێ وەڵامی دایەوە و گوتی:
«ئەی باوکیان کێیە؟»
بۆیە ئەمە بووە بە پەند:
«ئایا شاولیش لە ڕیزی پێغەمبەرەکانە؟»
١٣ پاش ئەوەی لە حاڵ گرتن بووەوە،
شاول چوو بۆ نزرگەی سەر بەرزاییەکە.
١٤ مامی شاول بە ئەو و بە خزمەتکارەکەی گوت:
«بۆ کوێ چوون؟»
ئەویش گوتی:
«بۆ گەڕان بەدوای ماکەرەکاندا،
بەڵام کاتێک بینیمان نادۆزرێنەوە چووین بۆ لای ساموئێل.»
١٥ مامی شاولیش گوتی:
«پێم بڵێ ساموئێل چی پێ گوتن.»
١٦ شاولیش بە مامی گوت:
«پێی گوتین کە ماکەرەکان دۆزراونەتەوە.»
بەڵام لەبارەی پاشایەتییەکەوە بە مامی نەگوت کە ساموئێل چی گوتبوو.
١٧ ئینجا ساموئێل گەلی بۆ لای یەزدان بۆ میچپا بانگکرد و
١٨ بە نەوەی ئیسرائیلی گوت:
«یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت:
”من ئیسرائیلم لە میسرەوە هێنایە دەرەوە و فریاتان کەوتم لە دەست میسرییەکان و لە دەستی هەموو ئەو پاشاییەتییانەی کە دەیانچەوساندنەوە.“
١٩ بەڵام ئێوە ئەمڕۆ خودای خۆتان ڕەتکردووەتەوە کە لە هەموو ناخۆشی و بەڵایەکتان ڕزگاری کردوون،
پێی دەڵێن:
”نەخێر،
بەڵکو پاشایەکمان بۆ دابنێ.“
ئێستاش بەپێی هۆز و خێڵەکانتان لەبەردەم یەزداندا ڕاوەستن.»
٢٠ ئینجا ساموئێل هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلی هێنایە پێشەوە و هۆزی بنیامین هەڵبژێردرا.
٢١ ئینجا هۆزی بنیامینی بەگوێرەی خێڵەکانیان هێنایە پێشەوە،
لەنێویاندا خێڵی ماتری هەڵبژێردرا،
لە ئەنجامدا شاولی کوڕی قیش هەڵبژێردرا.
ئینجا بەدوایدا گەڕان و نەیاندۆزییەوە.
٢٢ جا جارێکی دیکە لە یەزدانیان پرسی:
«ئایا ئەو پیاوە بۆ ئێرە دێت؟»
یەزدانیش فەرمووی:
«ئەوەتا خۆی لەناو شتومەکەکاندا شاردووەتەوە.»
٢٣ ئەوانیش ڕایانکرد و لەوێوە هێنایان،
کە لەنێو گەلدا ڕاوەستا،
لە شانی و بەسەرەوە لە هەموو خەڵکی باڵای بەرزتر بوو.
٢٤ ئینجا ساموئێل بە هەموو گەلی گوت:
«ئەوتان بینی کە یەزدان هەڵیبژاردووە،
لەنێو هەموو گەلدا کەس لە وێنەی ئەو نییە.»
ئینجا هەموو گەل هاواریان کرد و گوتیان:
«بژی پاشا!»
٢٥ ئینجا ساموئێل باسی یاسای بەڕێوەبردنی پاشایەتی* بۆ گەل کرد و لە تۆمارێکدا نووسییەوە و لەبەردەم یەزداندا داینا.
پاشان ساموئێل هەموو گەلی ڕەوانە کرد،
هەریەکە و بۆ ماڵی خۆی.
٢٦ هەروەها شاولیش گەڕایەوە ماڵەکەی خۆی لە گیڤعا لەگەڵ ئەو قارەمانانەی کە خودا خستبوویە دڵیانەوە.
٢٧ بەڵام خەڵکانێکی گێرەشێوێن گوتیان:
«چۆن ئەمە ڕزگارمان دەکات؟»
جا بە کەم تەماشایان کرد و هیچ دیارییەکیان پێشکەش نەکرد.
بەڵام شاول لێی بێدەنگ بوو.