ئیسرائیل داوای پاشایەک دەکات
١ ئەوە بوو کە ساموئێل پیر بوو کوڕەکانی کردە ڕابەری ئیسرائیل.
٢ ناوی کوڕە نۆبەرەکەی یۆئێل و ئەوەی دیکەشیان ئەبیا بوو،
لە بیری شابەع دادوەرییان دەکرد.
٣ بەڵام کوڕەکانی بە ڕێگای ئەودا نەڕۆیشتن،
بەڵکو بەلای دەستکەوتی ناڕەوا لایاندا و بەرتیلیان وەرگرت و دادپەروەرییان لە ڕێی ڕاست لادا.
٤ جا هەموو پیرانی ئیسرائیل کۆبوونەوە و هاتنە ڕامە بۆ لای ساموئێل.
٥ پێیان گوت:
«ئەوەتا تۆ پیر بوویت و کوڕەکانت بە ڕێگای تۆدا ناڕۆن.
ئێستاش وەک هەموو نەتەوەکان پاشایەکمان بۆ دابنێ تاکو ڕابەرایەتیمان بکات.»
٦ بەڵام ئەم شتە لەبەرچاوی ساموئێل خراپ بوو کاتێک گوتیان،
«پاشایەکمان بدەرێ هەتا ڕابەرایەتیمان بکات،»
جا ساموئێل نوێژی بۆ یەزدان کرد.
٧ یەزدانیش بە ساموئێلی فەرموو:
«گوێ لە دەنگی ئەم گەلە بگرە لە هەموو ئەوەی کە پێت دەڵێن،
چونکە ئەوان تۆیان ڕەت نەکردووەتەوە،
بەڵکو منیان ڕەتکردووەتەوە،
وەک پاشایان.
٨ ئەوان ئێستا وا ڕەفتارت لەگەڵ دەکەن هەروەک لەگەڵ من کردیان لەو ڕۆژەی لە میسرەوە دەرمهێنان هەتا ئەمڕۆ،
وازیان لە من هێنا و خودای دیکەیان پەرست.
٩ ئێستاش گوێ لە دەنگیان بگرە،
بەڵام بە ڕاستی ئاگاداریان بکەرەوە و ماف و داواکارییەکانی ئەو پاشایەیان پێ ڕابگەیەنە کە حوکمڕانییان دەکات.»
١٠ ئینجا ساموئێل هەموو وشەکانی یەزدانی بەو خەڵکە گوت کە داوای پاشایان لێکرد.
١١ گوتی:
«ئاوا دەبێت مافەکانی ئەو پاشایەی دەبێتە پاشاتان،
کوڕەکانتان دەبات و دایاندەنێت بۆ گالیسکەکانی و بۆ سوارەکانی و لەپێش گالیسکەکانییەوە ڕادەکەن.
١٢ هەندێک وەک فەرماندەی هەزاران و پەنجاکان بۆ خۆی دادەنێت،
هەندێکیش بۆ کێڵانی زەوییەکەی و دروێنەکردنی بەروبوومەکەی،
هەندێکی دیکەشیان دادەنێت چەکی جەنگ و کەلوپەلی گالیسکەکانی بۆ دروستبکەن.
١٣ کچەکانیشتان دەبات ببن بە بۆنگرەوە و چێشتلێنەر و نانکەر.
١٤ باشترین کێڵگە و ڕەزی مێو و باخی زەیتوونەکانیشتان دەبات و دەیدات بە خزمەتکارەکانی.
١٥ دەیەکی دانەوێڵە و ڕەزەمێوەکانتان دەبات و دەیداتە کاربەدەست و خزمەتکارەکانی.
١٦ کۆیلە و کەنیزە و باشترین گا و گوێدرێژەکانتان دەبات و بۆ ئیشوکاری خۆی بەکاریاندەهێنێت.
١٧ دەیەکی مەڕوماڵاتتان دەبات و ئێوە دەبنە کۆیلەی* ئەو.
١٨ جا لەو ڕۆژەدا لەبەر پاشاکەتان هاوار دەکەن کە خۆتان هەڵتانبژاردووە،
یەزدانیش لەو ڕۆژەدا وەڵامتان ناداتەوە.»
١٩ بەڵام گەل گوێیان لە ساموئێل نەگرت و گوتیان:
«نەخێر!
ئێمە پاشایەکمان دەوێت پاشایەتیمان بکات،
٢٠ تاکو ئێمەش وەک هەموو نەتەوەکانی دیکە بین،
پاشایەک ڕابەرایەتیمان بکات و لەپێشمانەوە بڕوات و لە جەنگەکان بۆمان بجەنگێت.»
٢١ جا ساموئێل گوێی لە هەموو قسەکانی گەل گرت و هەمووشی بۆ یەزدان گێڕایەوە.
٢٢ یەزدانیش بە ساموئێلی فەرموو:
«گوێ لە دەنگیان بگرە و پاشایەکیان بۆ دابنێ.»
ئینجا ساموئێل بە پیاوانی ئیسرائیلی گوت:
«با هەرکەسە و بەرەو شارۆچکەکەی خۆی بڕواتەوە.»