فێرکارانی دووڕوو و درۆزن
١ ڕۆح بە ڕاشکاوی دەفەرموێ کە لە کۆتایی ڕۆژگاردا هەندێک کەس لە باوەڕەکە هەڵدەگەڕێنەوە و بە دوای ڕۆحی چەواشە و فێرکردنەکانی ڕۆحە پیسەکان دەکەون.
٢ ئەم جۆرە فێرکردنە لە ڕێگەی درۆزنە دووڕووەکانەوە دێت کە ویژدانیان داخکراوە.
٣ هاوسەرگیری قەدەغە* دەکەن،
فەرمانی نەخواردن دەدەن لەو خۆراکەی کە خودا بەدییهێناوە بۆ ئەوەی بە سوپاسی باوەڕداران و ڕاستیناسان وەربگیردرێت.
٤ هەموو بەدیهێنراوی خودا چاکە،
ئەگەر شتێک بە سوپاسەوە وەرگیرا ڕەت ناکرێتەوە،
٥ چونکە بە وشەی خودا و نوێژەوە پیرۆزکراوە.
خزمەتکاری باشی مەسیح
٦ ئەگەر تۆ بەمانە ڕێنمایی خوشکان و برایان بکەیت،
ئەوا دەبیتە خزمەتکارێکی باشی عیسای مەسیح،
کە بە وشەکانی باوەڕەکە و فێرکردنی باش پەروەردە کرایت و شوێنی دەکەویت.
٧ ئەفسانەی پووچ و هەقایەتی پیرێژنان ڕەت بکەوە،
بەڵام خۆت لەسەر لەخواترسی ڕابهێنە.
٨ وەرزشی جەستەیی بۆ هەندێک شت سوودبەخشە،
بەڵام لەخواترسی بۆ هەموو شتێک سوودبەخشە،
چونکە بەڵێنی ژیانی ئێستا و داهاتووی تێدایە.
٩ ئەم قسەیە ڕاستە و شایانی پەسەندکردنی تەواوە.
١٠ بۆ ئەمە ڕەنج دەدەین و تێدەکۆشین،
چونکە هیوامان بە خودای زیندووە،
ئەوەی ڕزگارکەری هەموو خەڵکە،
بە تایبەتیش باوەڕداران.
١١ بەم شتانە ڕابسپێرە و فێر بکە.
١٢ با کەس سووکایەتی بە گەنجییەتیت نەکات،
بەڵکو ببە بە نموونە بۆ باوەڕداران لە قسە و ڕەفتاردا،
لە خۆشەویستی و باوەڕ و پاکیتدا.
١٣ هەتا دێم بایەخ بە خوێندنەوەی گشتی نووسراوە پیرۆزەکان و وتاردان و فێرکردن بدە.
١٤ ئەو بەهرەیەی لە تۆدایە پشتگوێی مەخە،
ئەوەی بە پێشبینی وەرتگرتووە کاتێک پیرانی کڵێسا دەستیان لەسەر دانایت.