نوێژکردن بۆ هەموو خەڵک
١ بۆیە پێش هەموو شتێک تکا دەکەم، نوێژ و نزا و پاڕانەوە و سوپاسگوزاریتان بۆ هەموو خەڵک بێت، ٢ بۆ پاشا و دەسەڵاتداران، تاکو ژیانێکی ئاشتییانە و بە هێمنی بژین، بەوپەڕی لەخواترسی و ڕێزەوە. ٣ ئەمەش چاک و پەسەندکراوە لەلای خودای ڕزگارکەرمان، ٤ ئەوەی دەیەوێت هەموو خەڵکی ڕزگاریان بێت و بۆ ڕاستی ناسین بێن، ٥ چونکە خودا یەکە و یەک ئاشتکەرەوە لەنێوان خودا و مرۆڤدایە، ئەویش عیسای مەسیحی مرۆڤە، ٦ ئەوەی خوێنی خۆی کردە بەهای ئازادی بۆ هەمووان، شایەتیدانیش* لە کاتی گونجاو بوو. ٧ بۆ ئەمە من بە مزگێنیدەر و نێردراو دەستنیشان کراوم، ڕاست دەڵێم و درۆ ناکەم، فێرکاری باوەڕ و ڕاستیم بۆ نەتەوەکان.
٨ جا دەمەوێ پیاوان لە هەموو شوێنێکدا نوێژ بکەن، دەستی پاکیان بەرز بکەنەوە بێ تووڕەیی و مشتومڕ.
٩ ژنانیش پۆشاکیان بە شەرمەوە* بێت، بەڕێز و شیاوی خۆیان بڕازێننەوە، نەک بە ئەگریجە و بە زێڕ و مرواری و جلی گرانبەها، ١٠ بەڵکو بە کرداری چاک شیاوی ژنێک بێت کە بانگەشەی لەخواترسی بکات.
١١ ژن با لە هێمنیدا و ئەوپەڕی ملکەچی فێر بێت. ١٢ ڕێگا نادەم ژن فێرکردن بدات و دەسەڵاتی بەسەر پیاودا هەبێت* ، بەڵکو لە هێمنیدا بێت، ١٣ چونکە یەکەم جار ئادەم شێوەی کێشرا، ئینجا حەوا. ١٤ هەروەها ئادەم هەڵنەخەڵەتا، بەڵکو ژن هەڵخەڵەتا و کەوتە گوناهەوە. ١٥ بەڵام بە منداڵبوون ڕزگاری دەبێت، ئەگەر لە باوەڕ و خۆشەویستی و پیرۆزی و شیاویدا بمێننەوە.