نامەی پۆڵس بۆ باوەڕدارانی کۆلۆسی
کورتە باسێک
کۆلۆسی شارێکی بچووک بوو لە ئاسیای بچووک، دەکەوتە ڕۆژهەڵاتی شاری ئەفەسۆس. کاتێک پۆڵس ماوەی سێ ساڵ لە ئەفەسۆس بوو، ئەپەفراس لەوێ باوەڕی هێنا و گەڕایەوە کۆڵۆسی و کڵێسای لێ دامەزراند (١‏:٧‏-٨ و کردار ١٩‏:١٠‏‏). کڵێسایەک بوو لە قۆناغی سەرەتایی و بووە ئامانجی مامۆستایانی درۆزن و بڵاوکردنەوەی بیری خراپ، وەکو: ناسینی خودا و ڕزگاریی تەواو لە فریشتە پەرستن و خۆ برسی و تینووکردن و گرنگیدان بە هەندێک بابەتی تەوراتی جولەکە. بەم جۆرە ئەپەفراس ویستی سەردانی پۆڵس بکات کە لە ڕۆما لە بەندیخانەدا بوو. ئەمیش ئەم نامەیەی لە دژی فێرکردنە هەڵەکان بۆ کڵێسای کۆلۆسی نووسی، سەبارەت بە تێگەیشتنی تەواوەتی مەسیح بۆ ناسینی خودا. «خودا بە هەموو پڕی خۆی لە جەستەی مەسیح نیشتەجێ بووە، ئێوەش بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا پڕ بوون لە خودا. مەسیح سەری هەموو سەرۆکایەتی و دەسەڵاتێکە.» (٢‏:٩‏-١٠‏‏).
پۆڵسیش سەبارەت بەو شتانە دەڵێ مەسیح ئەو خودایە بوو کە لە جەستەدا دەرکەوت و گەورەی هەموو بوونەوەرانە، گوناهەکانمان سڕانەوە و لەگەڵ خودا ئاشتکراینەوە، بە باوەڕمان لەگەڵ ئەوین، لە مردن و هەستانەوەی لەگەڵ ئەو یەکدەگرین، پێویستە لەگەڵ مەسیح و لەگەڵ باوەڕداران ببینە یەک. دەکرێ نامەکە بۆ چەند بەشێک دابەش بکەین:
١. سڵاو و نوێژ (١‏:١‏-١٤‏‏).
٢. سەروەری مەسیح (١‏:١٥‏-٢٣‏‏).
٣. خزمەتی نێردراویێتی پۆڵس (١‏:٢٤‏–٢‏:٥‏‏).
٤. وەڵامدانەوەی مامۆستایانی درۆزن (٢‏:٦‏-٢٣‏‏).
٥. ڕێنمایی بۆ ژیانی نوێ لەگەڵ مەسیح (٣‏:١‏–٤‏:١‏‏).
٦. هاندان بۆ نوێژکردن و دەنگوباسی باوەڕداران (٤‏:٢‏-١٨‏‏).