مەسیح نموونەیە بۆ ئێمە
١ بەڵام ئێمەی بەهێز لەسەرمانە بەرگەی کەموکوڕی لاوازان بگرین و خۆمان ڕازی نەکەین. ٢ با هەر یەک لە ئێمە نزیکەکەی بۆ چاکە ڕازی بکات لە پێناوی بنیادنان. ٣ تەنانەت مەسیحیش بیری لە خۆشیی خۆی نەکردەوە، بەڵکو وەک نووسراوە: [جنێوی ئەوانەی جنێوت پێدەدەن کەوتە سەر من.]* ٤ چونکە هەرچی لەپێشدا نووسراوە، بۆ فێربوونی ئێمە نووسراوە، تاکو بە دانبەخۆداگرتن و هاندانی نووسراوە پیرۆزەکان هیوامان هەبێت.
٥ با خودای دانبەخۆداگرتن و هاندان لەنێو خۆتان ڕێککەوتنی بیروڕاتان بداتێ بەگوێرەی بیری عیسای مەسیح، ٦ تاکو بە یەک دڵ و بە یەک دەنگ ستایشی خودا بکەن کە باوکی عیسای مەسیحی گەورەمانە.
٧ بۆیە پێشوازی لە یەکتری بکەن، هەر وەک مەسیح پێشوازی لێکردین، بۆ شکۆمەندی خودا. ٨ من پێتان دەڵێم، مەسیح لەبەر ڕاستی خودا بوو بە خزمەتکاری جولەکەکان* ، تاکو ئەو بەڵێنانەی بۆ باوکانە بیانچەسپێنێت، ٩ لەبەر ئەوەی خودا بە بەزەییە نەتەوەکانیش ستایشی خودا دەکەن، وەک نووسراوە:
[لەبەر ئەوە لەنێو نەتەوەکاندا ستایشت دەکەم،
گۆرانی ستایش بۆ ناوت دەڵێم.]*
١٠ دیسان دەفەرموێ:
[ئەی نەتەوەکان، لەگەڵ گەلی خودا دڵخۆش بن.]*
١١ هەروەها:
[ئەی هەموو نەتەوەکان، ستایشی یەزدان بکەن!
ئەی هەموو گەلان، ستایشی بکەن!]*
١٢ دیسان ئیشایا دەڵێت:
[ڕەگی یەسا دەردەکەوێت،
ئەوەی بۆ فەرمانڕەوایەتی نەتەوەکان هەڵدەستێتەوە،
ئومێدی نەتەوەکان بەو دەبێت.]*
١٣ با خودای هیوا بە هەموو خۆشی و ئاشتییەک لە باوەڕدا پڕتان بکات، تاکو بە هێزی ڕۆحی پیرۆز سەرڕێژ بن لە هیوا.
خزمەتکردنی پۆڵس
١٤ خوشک و براکانم، خۆم دڵنیام کە ئێوە پڕن لە چاکە، پڕن لە زانیاری، تواناتان هەیە ئامۆژگاری یەکتری بکەن. ١٥ بەڵام دەربارەی هەندێک خاڵ ئازایانەتر بۆم نووسیون، وەک بەیادهێنانەوەتان، لەبەر ئەو نیعمەتەی خودا پێیداوم، ١٦ تاکو ببمە خزمەتکاری عیسای مەسیح بۆ نەتەوەکان، وەک کاهین* لە ئەرکی ڕاگەیاندنی مزگێنی خودا، تاکو قوربانی نەتەوەکان پەسەندکراو بێت، بە ڕۆحی پیرۆز پیرۆزکراو بێت.
١٧ لەبەر ئەوە بە هۆی عیسای مەسیحەوە شانازی دەکەم بەو کارانەی کە بۆ خودای دەکەم. ١٨ ناوێرم باسی شتێک بکەم جگە لەوەی مەسیح بۆ گوێڕایەڵبوونی نەتەوەکان بۆ خودا لە ڕێگەی منەوە ئەنجامی داوە، بە وتە و کردار، ١٩ بە هێزی نیشانە و پەرجوو، بە هێزی ڕۆحی خودا. تەنانەت لە ئۆرشەلیم و دەوروپشتی تاکو ئیللیریکوم* ، بە تەواوی مزگێنی مەسیحم ڕاگەیاند. ٢٠ بۆیە ئامانجی بەرزم بوو کە مزگێنی بدەم، نەک لەو شوێنەی ناوی مەسیحی تێدا هێنرابوو، تاکو لەسەر بناغەی یەکێکی دیکە بنیاد نەنێم. ٢١ بەڵام وەک نووسراوە:
[ئەوانەی باسی ئەویان بۆ نەکرابوو دەبینن،
ئەوانەی نەیانبیستبوو تێدەگەن.]*
ئارەزووی دیدەنی ڕۆما
٢٢ لەبەر ئەمەش بوو چەندین جار ڕێم لێ دەگیرا بێمە لاتان. ٢٣ بەڵام ئێستا لەم ناوچانە شوێن نەماوە ئیشی لێ بکەم، ساڵانێکی زۆریشە پەرۆشم بێمە لاتان، ٢٤ کاتێک دەچمە ئیسپانیا. هیوادارم بەلاتاندا تێپەڕم و بتانبینم، دوای ئەوەی چێژم لە بینینتان وەرگرت ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت، ئومێدەوارم بۆ ئەوێم بەڕێبکەن. ٢٥ بەڵام ئێستا دەچمە ئۆرشەلیم تاکو خزمەتی گەلی پیرۆزی خودا بکەم. ٢٦ باوەڕدارانی مەکدۆنی و ئەخایا پێیان خۆش بوو هەندێک بەخشین بۆ هەژاران لەنێو گەلی پیرۆزی خودا لە ئۆرشەلیم کۆبکەنەوە. ٢٧ ئەوان بە خۆشییەوە بڕیاریان دا، لە ڕاستیشدا ئەمە ئەرکێک بوو لەسەریان، چونکە باوەڕدارە جولەکەکان بەرەکەتی ڕۆحییان پێشکەش بە ناجولەکەکان کردبوو. لەبەر ئەوە ئەرکی باوەڕدارانی ناجولەکەکان کە بە شتە ماددییەکان یارمەتی باوەڕدارە جولەکەکان بدەن. ٢٨ بۆیە، کاتێک ئەمەم تەواو کرد و ئەم بەرهەمەم بۆ مۆرکردن* ، بەرەو ئیسپانیا بەلاتاندا تێدەپەڕم. ٢٩ دەزانم کە بێمە لاتان، بە پڕی بەرەکەتی مەسیحەوە دێم.
٣٠ ئێستاش ئەی خوشک و برایان لێتان دەپاڕێمەوە، لەبەر عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ و بە خۆشەویستی ڕۆحی پیرۆز، لەگەڵم تێبکۆشن لە نوێژەکان بۆ خودا لە پێناوی من، ٣١ تاکو ڕزگاربم لەوانەی لە یەهودیا بێباوەڕن، هەروەها تاکو خزمەتەکەم بۆ ئۆرشەلیم لەلای گەلی پیرۆزی خودا پەسەندکراو بێت، ٣٢ تاکو بە خواستی خودا بە دڵشادییەوە بێمە لاتان و لەگەڵتان پشوو بدەم. ٣٣ خودای ئاشتی لەگەڵ هەمووتان بێت. ئامین.