حوکمی دادپەروەرانەی خودا
١ کەواتە ئەی مرۆڤ، هیچ بیانووێکت نییە کە حوکمی کەسێکی دیکە دەدەیت، چونکە بەوەی خەڵکی پێ حوکم دەدەیت، خۆت تاوانبار دەکەیت، لەبەر ئەوەی تۆ کە حوکم دەدەیت، خۆشت هەمان شت دەکەیت. ٢ بەڵام دەزانین حوکمی خودا ڕاستە بەسەر ئەوانەی ئەم شتانە دەکەن. ٣ کەواتە ئەی ئەو مرۆڤەی ئەوانە حوکم دەدەیت کە ئەم شتانە دەکەن و خۆشت هەمان شت دەکەیت، وا دەزانیت لە حوکمی خودا دەرباز دەبیت؟ ٤ یان گاڵتەت بە دەوڵەمەندی نەرمونیانی و ئارامی و پشوودرێژییەکەی دێت؟ نازانیت نەرمونیانی خودا بەرەو تۆبەکردنت دەبات؟
٥ بەڵام تۆ لەبەر کەللەڕەقی و دڵی تۆبە نەکردووت، لە ڕۆژی تووڕەیی و ئاشکراکردنی حوکمی دادپەروەرانەی خودا، تووڕەیی لەسەر خۆت کۆ دەکەیتەوە. ٦ خودا [پاداشتی هەر یەکێک بەگوێرەی کردارەکانی دەداتەوە.]* ٧ ژیانی هەتاهەتاییش بۆ ئەوانەیە کە بە دانبەخۆداگرتنەوە لە کاری چاکەدا داوای شکۆ و ڕێز و نەمری دەکەن. ٨ بەڵام ڕق و تووڕەیی بۆ ئەوانەیە کە داوای خۆپەرستی دەکەن و ملکەچی ڕاستی نابن، بۆ ناڕەوایی ملکەچ دەبن. ٩ ناخۆشی و تەنگانە بۆ هەر مرۆڤێکە کە خراپە دەکات، یەکەم جار بۆ جولەکە ئینجا بۆ ناجولەکە. ١٠ شکۆ و ڕێز و ئاشتی بۆ هەموو چاکەکارێکە، یەکەم جار بۆ جولەکە ئینجا بۆ ناجولەکە، ١١ چونکە خودا لایەنگری ناکات.
١٢ هەموو ئەوانەی کە شەریعەتیان نییە و گوناه دەکەن، بێ شەریعەت لەناودەچن، هەموو ئەوانەش کە لەژێر دەسەڵاتی شەریعەتدا گوناه دەکەن، بە شەریعەت حوکم دەدرێن، ١٣ چونکە ئەوانە لەلای خودا بێتاوان نین کە شەریعەت دەبیستن، بەڵکو ئەوانە بێتاوان دەکرێن کە کار بە شەریعەت دەکەن. ١٤ بێگومان ئەو نەتەوانەی شەریعەتیان نییە، کاتێک بە سروشت شەریعەتیان پەیڕەو کرد، ئەوانە بۆ خۆیان شەریعەتن، لەگەڵ ئەوەی شەریعەتیان نییە. ١٥ ئەوانە بەڵگەی وا نیشان دەدەن کە فەرزەکانی تەورات لە دڵیاندا نووسراوە، ویژدانیان لەناویاندا شایەتی دەدات، جار هەیە بیریان تاوانباریان دەکات و جاریش هەیە بەرگرییان لێ دەکات، ١٦ لەو ڕۆژەدا کاتێک خودا نهێنییەکانی خەڵک لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە حوکم دەدات، بەپێی ئەو مزگێنییەی* کە من ڕایدەگەیەنم.
جولەکە و تەورات
١٧ بەڵام تۆ، ئەگەر بە جولەکە ناو دەبردرێیت و پشت بە شەریعەتی تەورات دەبەستیت و شانازی بە خوداوە دەکەیت؛ ١٨ ئەگەر خواستی ئەو دەزانیت، چی باشترینە پەسەندی دەکەیت، چونکە لە تەورات فێربوویت؛ ١٩ ئەگەر لە خۆت دڵنیایت کە ڕێبەری کوێرەکانیت و ڕووناکییت بۆ ئەوانەی لە تاریکیدان، ٢٠ فێرکاری نەزانان و مامۆستای منداڵانی، چونکە لە تەوراتدا وێنەی زانین و ڕاستیت هەیە، ٢١ جا تۆ کە خەڵکی دیکە فێر دەکەیت، ئایا خۆت فێر ناکەیت؟ تۆ کە ڕایدەگەیەنێت کە کەس دزی نەکات، ئایا خۆت دزی ناکەیت؟ ٢٢ تۆ کە دەڵێی داوێنپیسی نەکرێت، ئایا خۆت داوێنپیسی ناکەیت؟ تۆ کە ڕقت لە بت دەبێتەوە، ئایا پەرستگاکان تاڵان ناکەیت؟ ٢٣ کە شانازی بە شەریعەتی تەوراتەوە دەکەیت، ئایا بە سەرپێچیکردنی شەریعەت سووکایەتی بە خودا ناکەیت؟ ٢٤ وەک نووسراوە: [لەبەر ئێوە لەناو نەتەوەکاندا کفر بە ناوی خودا دەکرێت.]*
٢٥ خەتەنەکردن سوودی دەبێت ئەگەر شەریعەت پەیڕەو بکەیت، بەڵام ئەگەر سەرپێچی شەریعەت بکەیت، ئەوا وەکو ئەوەیە کە هەر خەتەنە نەکرابیت. ٢٦ بۆیە ئەگەر خەتەنە نەکراو کار بە داواکارییە دروستەکانی شەریعەت بکات، ئایا خەتەنە نەکردنەکەی بە خەتەنەکردن دانانرێت؟ ٢٧ ئیتر ئەوەی بە سروشت خەتەنە نەکراوە، بەڵام شەریعەت جێبەجێ دەکات، حوکم بەسەر تۆدا دەدات کە شەریعەتی نووسراو و خەتەنەکردنت هەیە، هەرچەندە تۆ سەرپێچی شەریعەت دەکەیت.
٢٨ ئەگەر کەسێک تەنها بە ڕواڵەت جولەکە بێت، ئەوا لە ڕاستیدا جولەکە نییە، هەروەها ئەگەر خەتەنەکردن تەنها جەستەیی بێت، ئەوا لە ڕاستیدا خەتەنەکردن نییە. ٢٩ بەڵام ئەوەی لە ناخەوە جولەکە بێت، ئەوا لە ڕاستیدا جولەکەیە، هەروەها ئەگەر خەتەنەکردن تەنها بەگوێرەی شەریعەتی نووسراو ئەنجام بدرێت، ئەوا خەتەنەکردن نییە، بەڵکو خەتەنەکردنی دڵی کە لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆزەوەیە، خەتەنەکردنی ڕاستەقینەیە. ئەوەی ستایشی لەلای خەڵک نییە، بەڵکو لەلای خودایە.