نامەی پۆڵس بۆ باوەڕدارانی ڕۆما
کورتە باسێک
پۆڵس جولەکەیەکی فەریسی بوو، ناوی شاول بوو، لە ڕێگەی پەرجووێکەوە بووە قوتابی و نێردراوی مەسیح (بڕوانە کردار ٩‏:١٣‏-٢٨).‏‏ بە سروشی ڕۆحی پیرۆز لە نزیکەی ساڵی (٥٧ ز.) لە شاری کۆرنسۆسەوە نامەیەکی بۆ باوەڕدارانی ڕۆما نووسی. هەرچەندە لەو کاتەدا سەرقاڵی ئەوە بوو بەرەو ئۆرشەلیم بچێت، بەڵام بە نیاز بوو لە داهاتوودا سەردانی ڕۆما بکات و لەوێوە بچێتە ئیسپانیا (١٥‏:٢٥‏-٢٨‏‏). ویستی لە ڕۆما دەست بە فێرکردنی باوەڕداران بکات و هانیان بدات بۆ چەسپانیان لە باوەڕ (١١‏:١‏-١٢‏‏). هەروەها بەو هیوایەش بوو کە لەلایەن باوەڕدارانی ڕۆماوە یارمەتی بدرێت تاکو بتوانێت لە گەشتەکەی بۆ ئیسپانیا بەردەوام بێت.
سەرەتا وەک خزمەتکارێکی مزگێنی مەسیح خۆی دەناسێنێت، دواتریش ئەم ئینجیلەیان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە ئاشتبوونەوەی خودا بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕەگەز و ڕەچەڵەکە: «ئەم بێتاوانکردنە لە خوداوەیە لە ڕێگەی باوەڕ بە عیسای مەسیح، بۆ هەموو ئەوانەیە کە باوەڕ دەهێنن، بەبێ جیاوازی.» (٣‏:٢٢‏‏). هەموو مرۆڤێک گوناهبارە و شیاوی تووڕەیی خودایە و لێخۆشبوونی گوناهەکانیشی بەهۆی قوربانی مەسیحەوەیە، هەروەها پۆڵس مێژووی جولەکە باس دەکات بۆ سەلماندنی ئەوەی کە مزگێنی مەسیح تەواوکەری پەیمانی کۆنە (٢‏:١٦‏‏). تەنها بە باوەڕ بێتاوانبوونمان هەیە، چونکە «بەخۆڕایی بە نیعمەتی ئەو بێتاوان دەکرێن، بەو کڕینەوەیەی کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە هەیە.» (٣‏:٢٤‏‏). بە مردنی مەسیح ئازاد کراین لە تووڕەیی خودا و دەسەڵاتی گوناه و شەریعەت و مردن، تاکو ژیانێکی نوێمان هەبێت بە پەیوەندییەکی نوێ لەگەڵ خودا. هەنگاوی کردەیی باوەڕداریش سوپاسگوزاری بێت و ژیان و جەستەی خۆی وەک قوربانییەکی زیندوو پێشکەشی خودا بکات بۆ خزمەتی خودا و مرۆڤایەتی و دڵی پاک بکاتەوە (١٢‏:١‏–١٥‏:١٣‏‏). تەنها زانینی ئینجیل بەس نییە، بەڵکو دەبێت هەنگاوی کردەییشی هەبێت.