چوونی یونس بۆ نەینەوا
١ ئینجا جارێکی دیکە فەرمایشتی یەزدان بۆ یونس هاتەوە،
پێی فەرموو:
٢ «هەستە بڕۆ بۆ شاری مەزنی نەینەوا،
ئەو پەیامەی پێت دەفەرمووم پێی ڕابگەیەنە.»
٣ یونسیش بەو شێوەیەی یەزدان پێی فەرموو هەستا و چوو بۆ نەینەوا،
نەینەواش شارێکی زۆر مەزن بوو،
سەردانیکردنی پێویستی بە سێ ڕۆژ هەبوو.
٤ یونس چووە ناو شارەکە.
لە یەکەم ڕۆژەوە بانگەوازی کرد و گوتی:
«چل ڕۆژی دیکە نەینەوا سەرەوژێر دەبێت.»
٥ ئیتر خەڵکی نەینەوا باوەڕیان بە خودا هێنا،
بانگەوازی ڕۆژووگرتنیان ڕاگەیاند و جلوبەرگی گوشیان* پۆشی،
لە گەورەیانەوە هەتا بچووکیان.
٦ کارەکە گەیشتەوە پاشای نەینەوا،
ئەویش لەسەر تەختەکەی هەستا و کەواکەی لەبەر خۆی داکەند،
جلوبەرگی گوشی پۆشی و لەسەر خۆڵەمێش دانیشت.
٧ ئیتر لە نەینەوا جاڕدرا و گوترا:
بە فەرمانی پاشا و پیاوە گەورەکانی:
نابێت نە خەڵک و نە ئاژەڵ،
نە لە گاگەل نە لە مێگەل،
هیچ بچێژن،
مەهێڵن نان بخۆن و ئاو بخۆنەوە.
٨ با خەڵک و ئاژەڵەکان جلوبەرگی گوش بپۆشن و زۆر لە خودا بپاڕێنەوە،
با هەریەکە لە ڕێگا خراپەکانی و لە ستەمکارییەکەی بگەڕێتەوە.
٩ کێ دەزانێت؟
بەڵکو خودا سزایەکە ڕەت بکاتەوە،
کڵپەی تووڕەییەکەی دابمرکێتەوە و لەناونەچین.
١٠ کاتێک خودا کارەکانی ئەوانی بینی کە لە ڕێگای خراپەکاری گەڕاونەتەوە،
خودا پاشگەز بووەوە لەو خراپەیەی کە فەرمووبووی بەسەریان دەهێنێت،
ئیتر نەیکرد.