خۆشحاڵی ئەوانەی یەزدان کڕیونیەتیەوە
١ چۆڵەوانی و خاکی وشک شادمان دەبن،
بیابان دەگەشێتەوە و چرۆ دەکات،
وەک گوڵاڵە سوورە، ٢ بە تەواوی چرۆ دەکات و
تەواو دەگەشێتەوە و هاواری خۆشی دەکات!
شکۆی لوبنانی پێدەدرێت،
شەوکەتی کارمەل و شارۆن،
ئەوان شکۆی یەزدان و
شەوکەتی خودامان دەبینن.
٣ دەستە شلەکان توند بکەن و
ئەژنۆ لەرزۆکەکان بچەسپێنن.
٤ بەوانە بڵێن کە دڵەکوتێیانە:
«خۆتان توند بکەن، مەترسن!
ئەوەتا خوداتان،
بە تۆڵەسەندنەوە دێت،
سزای خوداتان.
ئەو دێت و ڕزگارتان دەکات.»
٥ ئەوسا چاوی کوێر دەبینێت و
گوێی کەڕ دەکرێتەوە.
٦ ئەوسا شەل وەک ئاسک باز دەدات و
زمانی لاڵ هاواری خۆشی دەکات،
چونکە لە چۆڵەوانی ئاو تەقییەوە و
ڕووباریش لە بیابان.
٧ سەراب دەبێتە گۆم و
خاکی تینوو بە کانیاو.
لە لانەی چەقەڵەکان لە مۆڵگەکەیان
قامیش و زەلی لێ سەوز دەبێت.
٨ لەوێ ڕێڕەوێک و ڕێگایەک دەبێت،
ڕێگای پیرۆزی پێ دەگوترێت.
گڵاو پێیدا تێناپەڕێت،
بەڵکو بۆ ئەوانەیە
کە بە چاکە پێیدا دەڕۆن،
گێلەکان پێدا ناڕۆن.
٩ شێر لەوێ نابێت،
جانەوەری دڕندە بۆ ئەوێ سەرناکەوێت،
لەوێ بەرچاو ناکەون.
بەڵکو ئەوانەی کڕاونەتەوە پێیدا دەڕۆن،
١٠ ئەوانەی یەزدان کڕیونیەتیەوە دەگەڕێنەوە.
بە هاواری خۆشی بۆ سییۆن دێن و
شادی هەتاهەتایی بەسەر سەریانەوە.
شادی و خۆشی پێیان دەگات و
ناخۆشی و ئاخ هەڵکێشان هەڵدێن.