١ قوڕبەسەر فەرزدانەرانی فەرزی بەدکاری و
ئەو تۆمارکارانەی ستەم تۆمار دەکەن،
٢ بۆ ئەوەی دەست بنێن بە ڕووی هەژارانەوە لە دادوەری و
مافی نەدارانی گەلەکەم بخۆن،
بۆ ئەوەی بێوەژنان ببن بە دەستکەوتیان و
هەتیوانیش تاڵان بکەن.
٣ لە ڕۆژی سزا چی دەکەن،
کاتێک ماڵوێرانی لە دوورەوە دێت؟
بۆ لای کێ هەڵدێن بۆ یارمەتی و
گەنجینەتان لەکوێ بەجێدەهێڵن؟
٤ بێجگە لە چۆکدادان لەژێر دیل و
کەوتن لەژێر کوژراوەکان.
لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە،
هێشتا دەستی درێژکردووە.
حوکمی خودا بەسەر ئاشور
٥ «قوڕبەسەر ئاشور، داردەستی تووڕەییم،
هەڵچوونم گۆچانە بە دەستیەوە.
٦ بۆ سەر نەتەوەیەکی خوانەناس دەینێرم،
فەرمانی پێدەدەم بۆ سەر ئەو گەلەی تووڕەییم لێی دەجۆشێت،
تاکو دەستکەوتی دەست بکەوێت و تاڵان بکات،
هەتا بیکات بە پێشێلکراو وەک قوڕی کۆڵانان.
٧ بەڵام ئەو وا بیر ناکاتەوە،
دڵی وا لێکیان ناداتەوە،
چونکە لە دڵیدایە وێران بکات،
گەلانێک ببڕێتەوە کە کەم نین.
٨ چونکە دەڵێت: ”ئایا هەموو میرەکانم پاشا نین؟
٩ ئایا کەلنۆ وەک کەرکەمیش نییە؟
یان حەمات وەک ئەرپاد؟
یان سامیرە وەک دیمەشق؟
١٠ وەک چۆن دەستم بە شانشینی بتەکان گەیشت و
وێنەی بتەکانیان زۆرترن لەوانەی ئۆرشەلیم و لەوانەی سامیرە.
١١ ئایا وەک ئەوەی بە سامیرە و بە بتەکانی ئەوم کرد،
وا بە ئۆرشەلیم و بە وێنەی بتەکانی ناکەم؟“»
١٢ دوای ئەوەی پەروەردگار هەموو ئیش و کارەکەی لە کێوی سییۆن و لە ئۆرشەلیم تەواو دەکات، دەڵێت: «سزای بەروبوومی بەفیزی دڵی پاشای ئاشور و شانازی لووتبەرزییەکەی دەدەم، ١٣ چونکە دەڵێت:
«”بە توانای دەستی خۆم کردم و
بە داناییەکەم، چونکە تێگەیشتووم،
سنووری گەلانم گواستەوە و
گەنجینەکانی ئەوانم تاڵان کرد،
وەک دلێرێک پاشاکانی ئەوانم ملکەچ کرد،
١٤ دەستم گەیشتە سامانی گەلان،
وەک چۆن دەست دەگاتە هێلانە؛
وەک کۆکردنەوەی هێلکەی بەجێماو،
هەموو زەویم کۆکردەوە،
کەسیش نەبوو باڵی لێک بدات
یان دەمی بکاتەوە و ورتەیەکی لێ بێت.“»
١٥ تەور شانازی دەکات بەسەر ئەو کەسەی پێی دەبڕێتەوە،
یان مشار خۆی بە زل دەزانێت بەسەر ئەو کەسەی دەیبات و دەیهێنێت؟
وەک ئەوەی داردەست هەڵگرەکەی ڕاوەشێنێت
وەک ئەوەی گۆچان ئەو کەسە بەرز بکاتەوە کە دار نییە.
١٦ لەبەر ئەوە یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار
لەڕی دەنێرێتە ناو پاڵەوانە بەهێزەکان،
لەژێر شکۆمەندییەکەشی پشکۆیەک دادەگیرسێنێت
وەک داگیرسانی ئاگر.
١٧ ڕووناکی ئیسرائیل* دەبێت بە ئاگر و
پیرۆزەکەشی بە گڕ،
دەیسووتێنێت و دەیخوات چقڵ و دڕکەکەی
لە یەک ڕۆژدا.
١٨ چڕی دارستان و باخەکانی بە تەواوی لەناودەبات،
گیان و لەش پێکەوە
وەک توانەوەی نەخۆش دەبێت.
١٩ پاشماوەی داری دارستانەکانی ئەوەندە کەم دەبن
منداڵێک دەتوانێت بیانژمێرێت.
پاشماوەی ئیسرائیل
٢٠ لەو ڕۆژەدا، پاشماوەی ئیسرائیل و
دەربازبووەکانی بنەماڵەی یاقوب،
چیتر پشت نابەستن
بەوانەی لێیان دەدەن،
بەڵکو بەڕاستی بە یەزدان و
بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل پشت دەبەستن.
٢١ پاشماوە دەگەڕێتەوە، پاشماوەی یاقوب
بۆ لای خودای توانادار.
٢٢ چونکە ئەی ئیسرائیل، ئەگەر گەلت بەقەد لمی دەریا بێت،
تەنها پاشماوەی لێ دەگەڕێتەوە.
بڕیاری قڕبوون دراوە،
لافاوی ڕاستودروستییە.
٢٣ یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار
بڕیاری وێرانکردنی هەموو خاکەکە جێبەجێ دەکات.
٢٤ بەڵام یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«ئەی گەلی من کە لە سییۆن دانیشتووی،
لە ئاشور مەترسە
کە بە داردەست لێت دەدات و
گۆچانەکەی لێت بەرز دەکاتەوە لەسەر شێوازی میسرییەکان.
٢٥ چونکە بەم زووانە هەڵچوونم لەسەر ئێوە نامێنێت و
تووڕەییم بۆ لەناوچوونی ئەوان دەبێت.»
٢٦ یەزدانی سوپاسالار بە قامچی لێی دەدات
وەک لێدانەکەی میدیان لەلای تاشەبەردی عۆرێڤ و
گۆچانەکەی بەسەر دەریاوەیە
لەسەر شێوازی میسرییەکان بەرزی دەکاتەوە.
٢٧ جا لەو ڕۆژەدا،
باری لەسەر شانت لادەچێت و
نیری* لەسەر ملت،
لەبەر قەڵەوبوونت نیر دەتەقێت.
٢٨ گەیشتە* عەییات،
لە میگرۆن پەڕییەوە،
لە میخماس کەلوپەلەکانی خۆی دانا.
٢٩ ئەوان لە دەربەندەکە دەپەڕنەوە و دەڵێن:
«گەڤەع شوێنی شەو مانەوەیە.»
ڕامە داچڵەکی،
گیڤعای شاول هەڵات.
٣٠ ئەی دانیشتووانی شاری گەلیم، بە دەنگی خۆت بحیلێنە!
ئەی لەیشا، گوێ بگرە!
داماوە عەناتۆت.
٣١ مەدمێنا ڕایکردووە،
خەڵکی گێڤیم پەناگیر بوون.
٣٢ ئەمڕۆ لە نۆڤ دەوەستن،
بە ڕاوەشاندنی دەست هەڕەشە دەکەن
لە کێوەکەی شاری سییۆن،
لە گردەکەی ئۆرشەلیم.
٣٣ ئەوەتا یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار
بە هێزێکی تۆقێنەر لق دەبڕێتەوە.
باڵا بەرزەکان دەبڕدرێنەوە،
لووتبەرزەکان نزم دەکرێن.
٣٤ چڕی دارستانەکان بە تەور دەبڕێتەوە،
لوبنانیش بەرامبەر بە خودای توانادار دەکەوێت.