دانانی ئیشایا لەسەر ئەرک
١ لە ساڵی مردنی عوزیای پاشادا، پەروەردگارم بینی لەسەر تەختێکی بەرز و بڵند دانیشتبوو، دامێنیشی پەرستگاکەی پڕکردبوو. ٢ سەرافیمەکان* لەبەردەستی بوون، هەریەکە شەش باڵیان هەبوو، بە دووانیان ڕووی خۆی داپۆشی بوو، بە دووانی دیکەیان پێیەکانی داپۆشی بوو، بە دووانیش دەفڕی. ٣ ئەمیان بانگی ئەوەی دیکەی کرد و گوتی:
«یەزدانی سوپاسالار پیرۆزە، پیرۆزە، پیرۆزە!
شکۆمەندییەکەی هەموو زەویی پڕکردووە.»
٤ چوارچێوە و سەکۆی دەروازەکان لە دەنگی بانگدەر لەرینەوە و پەرستگاکە پڕبوو لە دووکەڵ.
٥ گوتم: «قوڕبەسەرم، فەوتام! چونکە من کابرایەکی لێو گڵاوم و لەنێو گەلێکی لێو گڵاودا نیشتەجێم و لەگەڵ ئەوەشدا چاوەکانم پاشا یەزدانی سوپاسالاریان بینی.»
٦ ئینجا یەکێک لە سەرافیمەکان بۆ لای من فڕی و پشکۆیەکی بەدەستەوە بوو بە مەقاش لەسەر قوربانگاکەوە هەڵیگرت و ٧ لە دەمی منی سووی و گوتی: «ئەوەتا ئەمە لە لێوت سوا، تاوانت داماڵرا و گوناهت کەفارەتی بۆ کرا.»
٨ ئینجا گوێم لە دەنگی پەروەردگار بوو، دەیفەرموو: «کێ بنێرم و کێ بۆمان دەڕوات؟»
منیش گوتم: «ئەوەتام، من بنێرە.»
٩ ئەویش فەرمووی: «بڕۆ و بەم گەلە بڵێ:
«”هەمیشە ببیستن بەڵام تێمەگەن،
هەمیشە سەیر بکەن، بەڵام مەبینن.“
١٠ دڵی ئەم گەلە ڕەق بکە،
گوێی گران بکە و
چاوی بنوقێنە،
نەوەک بە چاوی ببینێت و
بە گوێی ببیستێت،
بە دڵی تێبگات و
بگەڕێتەوە و چاک ببێتەوە.»
١١ منیش گوتم: «ئەی پەروەردگار، هەتا کەی؟»
ئەویش فەرمووی:
«هەتا شارەکان دەبن بە وێرانەی
بێ ئاوەدانی و
ماڵەکانیش بێ خەڵک و
کێڵگەکانیش وێران و چۆڵەوانی،
١٢ با وای لێ بێت یەزدانیش مرۆڤ دووربخاتەوە و
شوێنی بەجێهێڵراو لەناو خاکەکە زۆر دەبێت.
١٣ ئەگەر دەیەکی تێدا مایەوە،
جارێکی دیکە بۆ سووتان دەبێت.
بەڵام وەک دارەبەن و دار بەڕوو،
کە کاتێک دەبڕێنەوە بنەدارەکەیان هەر دەمێنێت،
پاشماوەی ئەو گەلەش وەک بنەدارێکە و زیندوو دەبێتەوە.»