١ حەوت ژن یەک پیاو دەگرن
لەو ڕۆژەدا،
دەڵێن: «نانی خۆمان دەخۆین و
بەرگی خۆمان لەبەر دەکەین،
تەنها با بە ناوی تۆوە بانگ بکرێین.
ڕیسواییەکەمان ڕاماڵە!»
لقی یەزدان
٢ لەو ڕۆژەدا لقی یەزدان* دەبێتە جوانی و شکۆ، بەروبوومی زەویش دەبێتە شانازی و قەشەنگی بۆ دەربازبووانی ئیسرائیل. ٣ جا ئەوەی لە سییۆن ماوەتەوە و ئەوەی لە ئۆرشەلیم بەجێماوە، پێی دەگوترێت، پیرۆز، هەموو ئەوانەی لە ئۆرشەلیم بۆ ژیان تۆمارکراون. ٤ کە پەروەردگار پیسی کچانی سییۆن بشوات و خوێنەکانی ئۆرشەلیم لەناوەڕاستی پاک بکاتەوە، بە ڕۆحی حوکمدان و بە ڕۆحی سووتان. ٥ ئینجا یەزدان لەسەر هەموو شوێنێکی کێوی سییۆن و لەسەر ئەوانەی لەوێ کۆدەبوونەوە، بە ڕۆژ هەور و بە شەو دووکەڵ و پڕشنگی ئاگری بڵێسەدار بەدی دەهێنێت، لەسەر هەموو شکۆیەک کەپر دەبێت. ٦ بە ڕۆژ لەبەر گەرما دەبێت بە چادر بۆ سێبەر و لە لافاو و بارانیش دەبێت بە داڵدە و پەناگا.