ئیشایا
کورتە باسێک
خودا گرنگی بە ڕاستودروستی دەدات، هەروەها گرنگی بەوانەش دەدات کە گوێڕایەڵی دەبن. گرنگی بەو ئیسرائیلییانەش داوە کە ڕاپێچ کرابوون یان مابوونەوە.‏
ئەم پەڕتووکە پێشبینییەکانی ئیشایا لەخۆدەگرێت کە نزیکەی لە سەدەی هەشتەمی بەر لە زایین نووسیویەتییەوە. ماوەی خزمەتی ئیشایا نزیکەی شەست ساڵی خایاندووە کە لەو ماوەیەدا چوار پاشا حوکمیان کردووە، دواهەمینیان حەزقیای پاشا بوو. خودا بە پلەی تایبەت ئیشایای بۆ شانشینی یەهودا ناردووە، هەرچەندە پەیامەکەی ئیشایا شانشینی ئیسرائیلیشی لە باکوور لەخۆدەگرت. ئیشایا لە ماوەی شەڕی ناوخۆی نێوان ئیسرائیل و یەهودا ژیاوە لە ماوەی ساڵانی ٧٣٤‏–٧٣٢ پ. ز. هەروەها وێرانبوونی ئیسرائیلی بینیوە لەسەر دەستی لەشکری ئاشور لە ساڵی ٧٢٢ پ. ز. وانەی ئازاربەخش کە کەوتنی ئیسرائیلی لێ کەوتەوە لەبیری ئیشایا دەرنەچوو، بووە هاندەر بۆ ئەوەی ئیشایا پشت بە خودا ببەستێ. خودا یەهودای لە لەشکرە گەورەکەی پاشای ئاشور پاراست و لەشکرەکەی تووشی دەرد کرد و سەربازگەکانی لەناوبردن. هەروەها، ئیشایا بە چاوی پێشبینییەوە تەماشای سەردەمی دوای خۆی کرد. سەردەمی ڕاپێچکاری و ئەو ڕزگارییەی خودا بۆ گەلەکەی خۆی ئامادەی کردبوو.
پەڕتووکی ئیشایا باسی بەندەیەکی خودای کردووە کە بەندەی ئازارکێشە، مەبەستی لەو بەندەیە عیسای مەسیحە. پەڕتووکەکە زۆر باسی عیسای پەروەردگاری کردووە و لە پەیمانی نوێ چەندین جار لە دەقەکانی ئیشایا وەرگیراوە، چونکە ڕزگاری تەوەری بابەتەکانییەتی. ئەو وێنەیەی ئەم پەڕتووکە سەبارەت بە خودا بۆمان دەردەخات خودا ڕزگارکەری گەلەکەی خۆیەتی، کە لە خاکی میسر لە کۆیلایەتی ڕزگاری کردن، هەر ئەویشە کە مەسیح دەنێرێ بۆ ئەوەی گوناهی هەموومان هەڵبگرێت (٥٣‏:٦‏‏). خودا لێخۆشبوون بە خۆڕایی بە هەرکەسێک دەبەخشێ کە بە باوەڕەوە تۆبە بکات. هەروەها بە وردی باسی شانشینی داهاتووی خودای کردووە لەسەر زەوی کە پڕە لە ئاشتی، خەڵکی واز لە کوشتار دەهێنن و ستایشی خودای پاشایان دەکەن.