بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئامێری ژێدار. زەبوورێکی ئاساف. گۆرانییەک.
١ لە یەهودا خودا ناسراوە،
لە ئیسرائیلدا ناوی گەورەیە!
٢ کەپری لە شالیمە* ،
هەواری لە سییۆنە.
٣ لەوێ تیرە گڕدارەکان و
قەڵغان و شمشێر جەنگەکانی تێکشکاند.*
٤ تۆ ڕەوشەنی،
لە چیای نێچیرەکان شکۆدارتری.
٥ قارەمانەکان ماڵیان بە تاڵان چوو،
دوایین خەوی خۆیان نوستن،
هیچ جەنگاوەرێک نەیتوانی دەست بکاتەوە.
٦ ئەی خودای یاقوب، بە سەرزەنشتی تۆ،
ئەسپ و سوار پێکەوە کەوتنە خەوێکی قووڵەوە!
٧ تۆ خۆت بەسامیت!
لە کاتی تووڕەییت، کێ لەبەردەمت ڕادەوەستێت؟
٨ لە ئاسمان حوکمت بیسترا،
زەوی ترسا و کپ بوو،
٩ بە هەستانی خودا بۆ دادوەری،
بۆ ڕزگارکردنی هەموو ستەملێکراوانی زەوی.
١٠ چونکە تووڕەیی مرۆڤ ستایشت دەکات،
خۆتت بە پاشماوەی تووڕەیی چەکدار کردووە.
١١ نەزر بۆ یەزدانی پەروەردگارتان بکەن و بەجێی بهێنن.
ئەی هەموو ئەوانەی لە دەوریدان،
دیاری پێشکەش بە سامناک بکەن.
١٢ ئەوەی ڕۆحی میرەکان دەشکێنێت،
سامناکە بۆ پاشاکانی سەر زەوی.