بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان،
زەبوورێکی داود.
١ گێل* لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «خودا نییە.»
ئەوانە گەندەڵن و کردەوەکانیان پیسە،
کەس نییە چاکە بکات.
٢ یەزدان لە ئاسمانەوە سەیری ئادەمیزاد دەکات،
هەتا بزانێت کەس هەیە تێگەیشتوو بێت،
کەس هەیە بەدوای خودا بگەڕێت.
٣ هەموو ڕوویان وەرگێڕا،
هەموو گەندەڵ بوون،
کەس نییە چاکە بکات،
تەنانەت یەکێکیش نییە.
٤ ئایا هەموو گوناهباران فێر نەبن؟
ئەوانەی وەک نان گەلەکەی من دەخۆن و
ئەوانەی لە یەزدان ناپاڕێنەوە.
٥ لەوێ ترسێکی گەورەیان لێ نیشت،
چونکە خودا لەناو کۆڕی ڕاستودروستان ئامادەیە.
٦ ئێوەی گوناهبار سووکایەتی بە بۆچوونی هەژاران دەکەن،
بەڵام یەزدان پەناگای ئەوانە.
٧ با ڕزگاریی ئیسرائیل لە سییۆنەوە* دەربکەوێت!
کاتێک یەزدان گەلەکەی خۆی لە ڕاپێچکراوی دەگەڕێنێتەوە،
با یاقوب شاد و ئیسرائیل دڵخۆش بێت!