پاشایەتی یۆتام
١ یۆتام کاتێک بوو بە پاشا گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو، شازدە ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکیشی یەروشای کچی سادۆق بوو. ٢ بە هەمان شێوەی عوزیای باوکی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی، سەرباری ئەوەش نەچووە ناو پیرۆزگای یەزدان، بەڵام گەل هێشتا گەندەڵییان دەکرد. ٣ یۆتام دەروازەی سەرەوەی پەرستگای یەزدانی بنیاد نایەوە و کاری زۆریشی لەسەر شووراکەی گردی عۆفەل کرد. ٤ چەند شارۆچکەیەکیشی لە چیای یەهودا بنیاد نا و لە دارستانەکانیشدا قەڵا و قوللەی بنیاد نا.
٥ یۆتام لە دژی پاشای عەمۆنییەکان جەنگا و زاڵ بوو بەسەریاندا، عەمۆنییەکانیش لەو ساڵەدا سەد تالنت* زیو و دە هەزار کۆر* گەنم و دە هەزاریشیان* لە جۆ پێیدا. هەروەها عەمۆنییەکان لە ساڵی دووەم و سێیەمیشدا ئەمەیان پێیدا.
٦ یۆتام بەهێز بووەوە، چونکە بەردەوام بوو لە گوێڕایەڵی بۆ یەزدان.
٧ ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یۆتام، لەگەڵ هەموو جەنگەکانی و کردەوەکانی، لە پەڕتووکی پاشاکانی ئیسرائیل و یەهودا تۆمار کراون.
٨ یۆتام کاتێک بوو بە پاشا گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو، شازدە ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. ٩ ئیتر یۆتام لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری داود نێژرا، ئاحازی کوڕیشی لە جێی ئەو بوو بە پاشا.