لێڤییەکان
١ پاش ئەوەی داود پیر بوو و بە ساڵا چوو، سلێمانی کوڕی کرد بە پاشای ئیسرائیل.
٢ هەموو سەرکردەکانی ئیسرائیل و کاهین و لێڤییەکانی کۆکردەوە و ٣ ئەو لێڤییانەشی تەمەنیان سی ساڵ و بەرەو سەرەوە بوو سەرژمێری کران و کۆی ژمارەیان سی و هەشت هەزار پیاو بوو. ٤ داود گوتی: «بیست و چوار هەزار لەمانە بۆ سەرپەرشتیکردنی کاری پەرستگای یەزدان و شەش هەزاریان کوێخا و دادوەر و ٥ چوار هەزاریان دەرگاوان و چوار هەزاری دیکەشیان بۆ ستایشکردنی یەزدان بەو ئامێرە مۆسیقییانەی کە بۆ ستایشکردن دروستم کردن.»
٦ ئینجا داود لێڤییەکانی کردە چەند بەشێک، بەپێی کوڕەکانی لێڤی: گێرشۆن و قەهات و مەراری.
گێرشۆنییەکان
٧ لە گێرشۆنییەکان:
لەعدان و شیمعی.
٨ کوڕەکانی لەعدان:
یەحیێلی کوڕە گەورەی بنەماڵەکە، ئینجا زێتام و یۆئێل، سێ کوڕ بوون.
٩ کوڕەکانی شیمعی:
شەلۆمۆت، حەزیێل و هاران، سێ کوڕ بوون.
ئەمانە گەورەی بنەماڵەکانی لەعدان بوون.
١٠ کوڕەکانی شیمعیش:
یەحەت و زیزا و یەعوش و بەریعە.
ئەمانە چوار کوڕەکەی شیمعی بوون.
١١ یەحەت کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو و زیزا دووەم بوو، بەڵام یەعوش و بەریعە کوڕی زۆریان نەبوو، لەبەر ئەوە وەک یەک بنەماڵە هەژمارد کران.
قەهاتییەکان
١٢ کوڕەکانی قەهات:
عەمرام، یەسهار، حەبرۆن و عوزیێل، چوار کەس بوون.
١٣ کوڕەکانی عەمرام:
هارون و موسا.
هارون هەڵبژێردرا، خۆی و نەوەکانی بۆ هەتاهەتایە، بۆ تەرخانکردنی شتی هەرەپیرۆز، بۆ کردنی قوربان لەبەردەم یەزدان و بۆ داوای بەرەکەت کردن بە ناوی ئەوەوە بۆ هەتاهەتایە. ١٤ هەروەها کوڕەکانی موسای پیاوی خودا وەک بەشێک لە هۆزی لێڤی دانران.
١٥ کوڕەکانی موسا
گێرشۆم و ئەلیعەزەر بوون.
١٦ نەوەکانی گێرشۆم:
شوڤائێل کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو.
١٧ نەوەی ئەلیعەزەریش:
ئەلیعەزەر تەنها یەک کوڕی هەبوو ناوی ڕەحەڤیا بوو،
بەڵام ڕەحەڤیا کوڕی زۆر بوو.
١٨ کوڕەکانی یەسهار:
شەلۆمیت کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو.
١٩ کوڕەکانی حەبرۆن:
یەرییاهو کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو، ئەمەریا دووەم و یەحەزیێل سێیەم و یەقەمەعام چوارەمیان بوو.
٢٠ کوڕەکانی عوزیێل:
میخا کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو و ییشیا دووەمیان بوو.
مەرارییەکان
٢١ کوڕەکانی مەراری:
مەحلی و موشی.
کوڕەکانی مەحلی:
ئەلعازار و قیش.
٢٢ ئەلعازار مرد و کوڕی نەبوو، تەنها کچی هەبوو، جا کوڕەکانی قیشی برای هێنایانن.
٢٣ کوڕەکانی موشی:
مەحلی، عێدەر و یەریمۆت، سێ کوڕ بوون.
٢٤ ئەمانە نەوەی لێڤی بوون بەگوێرەی بنەماڵەکانیان. گەورەی بنەماڵەکان کە بەپێی ناوەکانیان تۆمار کران و یەک بە یەک سەرژمێر کران، لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە کە لە پەرستگای یەزدان خزمەتیان دەکرد، ٢٥ چونکە داود گوتبووی: «لەبەر ئەوەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل گەلەکەی حەساندووەتەوە و بۆ هەتاهەتایە یەزدان لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بووە، ٢٦ ئیتر پێویست ناکات لێڤییەکان چادرەکەی پەرستن یان هیچ یەکێک لەو قاپوقاچاغانەی کە لە خزمەتی چادرەکەی پەرستن بەکاردەهێنرێت هەڵبگرن و بگوازنەوە.» ٢٧ بەپێی دوایین فەرمانی داود، لێڤییەکان لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە سەرژمێری کران.
٢٨ لێڤییەکان بەردەستی نەوەی هارونیان دەکرد لە خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان: بەرپرس بوون بۆ حەوشە و ژوورە لاتەنیشتەکان، بۆ پاککردنەوەی شتە پیرۆزەکان، بۆ خزمەتکردنی دیکەش لە ماڵی خودا؛ ٢٩ بەرپرسیاریێتیشیان هەبوو بۆ نانی تەرخانکراو و باشترین ئارد بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و ناسکە نانی* فەتیرەی و خۆراکی سەر ساج و تێکەڵکردنی هەرچی کە تێکەڵ دەکرێت و بۆ هەموو ئەندازە و پێوانەکردنێک؛ ٣٠ هەروەها بۆ ڕاوەستان هەموو بەیانییەک بۆ سوپاسکردن و ستایشکردنی یەزدان ئێوارانیش بە هەمان شێوە؛ ٣١ هەروەها بۆ هەموو سەرخستنێکی قوربانی سووتاندن لە شەممە و سەرەمانگ و جەژنەکان. پێویست بوو لێڤییەکان بەو ژمارەیە و بەو چەشنەی کە ڕێسایە لەسەریان، بە بەردەوامی لەبەردەم یەزدان خزمەت بکەن.
٣٢ ئیتر لێڤییەکان لە چادری چاوپێکەوتن و شوێنی پیرۆز پارێزگاریان دەکرد، هەروەها بەردەستی نەوەی هارونیان دەکرد لە خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان.