سەرکەوتنەکانی داود
١ ئەوە بوو پاش ئەمە داود فەلەستییەکانی بەزاند و زەلیلی کردن، گەت و شارۆچکەکانی لە فەلەستییەکان سەند.
٢ هەروەها داود مۆئابییەکانیشی بەزاند. مۆئابییەکان هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود و سەرانەیان بۆ دەهێنا.
٣ هەروەها داود هەدەدعەزەری پاشای چۆڤای لە نزیکی حەمات بەزاند، کاتێک چوو بۆ ئەوەی تاشەبەردێک بۆ یادەوەری لە کەناری ڕووباری فورات بنەخشێنێت. ٤ داود هەزار گالیسکە و حەوت هەزار گالیسکەسوار و بیست هەزار پیادەی بە دیل گرت، ئینجا داود جومگە پێی ئەسپی گالیسکەکانیانی بڕییەوە و تەنها سەد ئەسپی گالیسکەی هێشتەوە.
٥ کاتێک ئارامییەکانی دیمەشق بۆ یارمەتیدانی هەدەدعەزەری پاشای چۆڤا هاتن، داود بیست و دوو هەزار پیاوی لە ئارامییەکان کوشت. ٦ ئیتر داود لە شانشینی ئارامییەکانی دیمەشق سەربازگەی دانا، ئارامییەکانیش هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود و سەرانەیان بۆ دەهێنا. داودیش ڕووی لە هەرکوێ دەکرد، یەزدان سەرکەوتووی دەکرد.
٧ پاشان داود قەڵغانە زێڕینەکانی ئەفسەرەکانی هەدەدعەزەری برد و هێنایە ئۆرشەلیم. ٨ هەروەها داود بڕۆنزێکی زۆریشی لە تەڤەح و کوون برد کە شارۆچکەی هەدەدعەزەر بوون، بەوە بوو کە سلێمان حەوزە بڕۆنزییەکە* و کۆڵەکەکان و قاپوقاچاغە بڕۆنزییەکانی دروستکرد.
٩ کاتێک تۆعوی پاشای حەمات بیستی کە داود هەموو سوپاکەی هەدەدعەزەری پاشای چۆڤای بەزاندووە، ١٠ هەدۆرامی کوڕی نارد بۆ لای داودی پاشا بۆ ئەوەی لە سەلامەتی بپرسێت و پیرۆزبایی لێ بکات کە لەگەڵ هەدەدعەزەر جەنگاوە و بەزاندوویەتی، چونکە هەدەدعەزەر لە جەنگدا بوو لە دژی تۆعو. هەدۆرامیش لەگەڵ دەستی خۆیدا هەموو جۆرە کەلوپەلێکی زێڕ و زیو و بڕۆنزی هێنابوو.
١١ داودی پاشا ئەم کەلوپەلانەی بۆ یەزدان تەرخان کرد، هەروەک ئەو زێڕ و زیوەی تەرخان کرد کە لە هەموو ئەم نەتەوانە بردبووی: ئەدۆم، مۆئاب، عەمۆن، فەلەستی و عەمالێقییەکان.
١٢ ئەبیشەیی کوڕی چەرویاش لە دۆڵی خوێ* هەژدە هەزاری لە ئەدۆمییەکان کوشت. ١٣ لە خاکی ئەدۆم سەربازگەی دانا و هەموو ئەدۆمییەکان هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود، داود ڕووی لە هەرکوێ دەکرد، یەزدان سەرکەوتووی دەکرد.
کاربەدەستەکانی داود
١٤ داود پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد، دادوەری و ڕاستودروستی بۆ هەموو گەلەکەی پەیڕەو کرد. ١٥ یۆئابی کوڕی چەرویاش سوپاسالار بوو؛ یەهۆشافاتی کوڕی ئەحیلودیش تۆمارکار بوو؛ ١٦ سادۆقی کوڕی ئەحیتوڤ و ئەحیمەلەخی کوڕی ئەبیاتار کاهین بوون؛ شەڤشا خامەی نهێنی* بوو؛ ١٧ بەنایای کوڕی یەهۆیاداع فەرماندەی کریتی و پەلەتییەکان* بوو؛ کوڕەکانی داودیش دەستە ڕاستی پاشا بوون.