ڕەزەمێوی ناڤۆت
١ دوای ماوەیەک لە ڕووداوەکان، ناڤۆتی یەزرەعیلی لە یەزرەعیل لەتەنیشت کۆشکەکەی ئەحاڤی پاشای سامیرە ڕەزەمێوێکی هەبوو. ٢ ئەحاڤ بە ناڤۆتی گوت: «ڕەزەمێوەکەی خۆتم بدەرێ، بۆ ئەوەی بیکەمە باخی سەوزەوات، چونکە نزیکە و لەتەنیشتی کۆشکەکەمەوەیە، منیش لە جیاتی ئەوە ڕەزەمێوێکی باشترت دەدەمێ، یان ئەگەر بۆ تۆ باشترە بەپێی نرخەکەی زیوت دەدەمێ.»
٣ ناڤۆتیش بە ئەحاڤی گوت: «لەلایەن یەزدانەوە لە من بەدوور بێت کە میراتی باوباپیرانی خۆمت بدەمێ!»
٤ جا ئەحاڤ بە دڵتەنگی و پەستییەوە گەڕایەوە ماڵەکەی خۆی، لەبەر ئەو قسەیەی کە ناڤۆتی یەزرەعیلی پێی گوت، کە گوتی، «میراتی باوباپیرانمت نادەمێ،» ئیتر لەسەر جێگاکەی پاڵکەوت، ڕووی خۆی وەرگێڕا و نانی نەخوارد.
٥ جا ئیزابێلی ژنی هاتە ژوورەوە بۆ لای و پێی گوت: «ئەوە چییە، بۆچی دڵتەنگیت و نان ناخۆیت؟»
٦ ئەویش وەڵامی دایەوە: «لەبەر ئەوەی قسەم لەگەڵ ناڤۆتی یەزرەعیلی کرد و پێم گوت: ”ڕەزەمێوەکەتم بدەرێ، بە زیو یان ئەگەر حەز دەکەیت ڕەزەمێوێکت لە جیاتی دەدەمێ،“ بەڵام گوتی: ”ڕەزەمێوەکەمت نادەمێ.“»
٧ ئیزابێلی ژنیشی پێی گوت: «ئایا ئێستا تۆ پاشایەتی ئیسرائیل ناکەیت؟ هەستە نان بخۆ و دڵخۆش بە، من ڕەزەمێوەکەی ناڤۆتی یەزرەعیلیت دەدەمێ.»
٨ چەند نامەیەکی بە ناوی ئەحاڤەوە نووسی و بە مۆرەکەی ئەو مۆری کردن، نامەکانیشی بۆ ئەو پیر و خانەدانانە نارد کە لە هەمان ئەو شارەی ناڤۆت لەگەڵ ئەو نیشتەجێ بوون. ٩ لەو نامانەشدا نووسیبووی:
«بانگەوازی ڕۆژووگرتن بکەن و کۆببنەوە، ناڤۆت لە سەرووی گەلەوە دابنیشێنن. ١٠ دوو پیاوی سووکوچروکیش بەرامبەری دابنیشێنن، هەتا شایەتی بدەن و بڵێن، نەفرەتت لە خودا و لە پاشا کردووە، پاشان بیهێننە دەرەوە و بەردبارانی بکەن، هەتا دەمرێت.»
١١ ئیتر پیاوانی شارەکەی ناڤۆت، پیر و خانەدانەکانی دانیشتووانی شارەکەی ئەوەیان کرد، وەک ئەوەی ئیزابێل بۆی ناردن، وەک ئەوەی لە نامەکاندا نووسرابوو کە بۆیان نێردرابوون. ١٢ بانگەوازیان کرد بۆ ڕۆژووگرتن و کۆبوونەوە، ناڤۆتیان لە سەرووی گەلەوە دانیشاند. ١٣ دوو پیاوی سووکوچروکیش هاتن و لە بەرامبەری دانیشتن، پیاوە سووکوچروکەکانیش لەبەردەم گەلدا شایەتییان لەسەر ناڤۆت دا و گوتیان: «ناڤۆت نەفرەتی لە خودا و لە پاشا کردووە.» جا بردیانە دەرەوەی شار و بەردبارانیان کرد و مرد. ١٤ ئینجا هەواڵیان بۆ ئیزابێل نارد و گوتیان: «ناڤۆت بەردباران کراوە و مردووە.»
١٥ هەر کە ئیزابێل بیستییەوە ناڤۆت بەردباران کراوە و مردووە، بە ئەحاڤی گوت: «هەستە و ڕەزەمێوەکەی ناڤۆتی یەزرەعیلی کە ڕازی نەبوو بە زیو بتداتێ، دەستی بەسەردا بگرە، چونکە ناڤۆت مردووە و زیندوو نییە.» ١٦ کاتێک ئەحاڤ بیستییەوە ناڤۆت مردووە، هەستا هەتا بەرەو خوارەوە بچێتە ڕەزەمێوەکەی ناڤۆتی یەزرەعیلی، هەتا دەستی بەسەردا بگرێت.
١٧ ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ ئەلیاسی تیشبی هات: ١٨ «هەستە بەرەو خوارەوە بڕۆ بۆ بینینی ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل، ئەوەی لە سامیرەیە. وا لە ڕەزەمێوەکەی ناڤۆتە، ئەوەی چووە ئەوێ هەتا دەستی بەسەردا بگرێت. ١٩ قسەی لەگەڵ بکە و بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئایا پیاوت کوشت و هەروەها دەست بەسەر میراتەکەشیدا دەگریت؟“ پێشی دەڵێیت، بەم جۆرەی فەرمووە: ”لەو شوێنەدا کە سەگ خوێنەکەی ناڤۆتیان لێسایەوە، لە هەمان شوێندا خوێنەکەی تۆش دەلێسنەوە. بەڵێ، هی خۆت!“»
٢٠ ئەحاڤ بە ئەلیاسی گوت: «دوژمنەکەم، منت دۆزییەوە!»
ئەویش گوتی: «تۆم دۆزییەوە، لەبەر ئەوەی خۆتت فرۆشتووە تاکو ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان خراپە، ئەنجامی بدەیت. ٢١ ”من وا بەڵات بەسەردا دەهێنم و ڕیشەکێشت دەکەم، هەرچی نێرینە و کۆیلە و ئازادی ئەحاڤە لە ئیسرائیلدا قڕی دەکەم. ٢٢ ماڵەکەشت وەک ماڵی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات و بەعشای کوڕی ئاحییای لێ دەکەم، لەبەر ئەوەی پەستت کردم و ئیسرائیلت تووشی گوناه کرد.“
٢٣ «هەروەها یەزدان لەبارەی ئیزابێلیشەوە فەرمووی: ”سەگ لە نزیک شووراکەی یەزرەعیلەوە ئیزابێل دەخۆن.“
٢٤ «ئەوەی لە بنەماڵەی ئەحاڤ بێت و لە شاردا بمرێت سەگ دەیخوات، ئەوەشی لە کێڵگەدا بمرێت باڵندەکانی ئاسمان دەیخۆن.»
٢٥ کەس نەبوو وەک ئەحاڤ خۆی بفرۆشێت هەتا ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان خراپە ئەنجامی بدات، چونکە ئیزابێلی ژنی فریوی دا. ٢٦ قێزەون بوو بە پەیڕەوکردنی لە بتەکان، وەک هەموو ئەوەی ئەمورییەکان کردیان، ئەوەی یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیلدا دەریکردن.
٢٧ کاتێک ئەحاڤ گوێی لەم قسانە بوو، جلەکانی دادڕی و جلوبەرگی گوشی پۆشی و بەڕۆژوو بوو، بە بەرگی گوشەوە پاڵکەوت و بە بێدەنگی ڕۆیشت.
٢٨ ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ ئەلیاسی تیشبی هات: ٢٩ «بینیت ئەحاڤ چۆن لەبەردەممدا خۆی نزم کردەوە؟ لەبەر ئەوەی لەبەردەمم خۆی نزم کردووەتەوە، هەتا ئەو لە ژیاندا بێت ئەم بەڵایە ناهێنم، بەڵکو لەدوای ئەو لە سەردەمی کوڕەکەی بەڵاکە بەسەر ماڵەکەیدا دەهێنم.»