دواهەمین وشەکانی داود
١ ئەمانەش دواهەمین وشەکانی داودن:
«پەیامی داودی کوڕی یەسا،
ئەو پیاوەی کە لەلایەن خودای هەرەبەرز پایەبەرز بووە،
دەستنیشانکراوەکەی خودای یاقوب و
زەبووربێژە دەنگ خۆشەکەی ئیسرائیل:
٢ «ڕۆحی یەزدان لە ڕێگەی منەوە دوا،
وشەکەشی لەسەر زمانم بوو.
٣ خودای ئیسرائیل فەرمووی،
تاشەبەردەکەی ئیسرائیل* لەگەڵ من دوا:
”کاتێک کەسێک بە ڕاستودروستی فەرمانڕەوایەتی خەڵک دەکات،
کاتێک بە لەخواترسییەوە فەرمانڕەوایەتی دەکات،
٤ ئەوا وەک ڕووناکی بەیانە لە کاتی خۆرهەڵاتن
لە بەیانییەکی ساماڵ،
وەک ڕووناکی بێگەردی پاش بارانە
کە گیای تازە لە زەوییەوە دەهێنێتە دەرەوە.“
٥ «ئایا ماڵەکەم لەلای خودا بەم جۆرە نییە؟
چونکە پەیمانێکی هەتاهەتایی لەگەڵ بەستووم،
کە لە هەموو ڕووێکەوە ڕێکوپێک و مسۆگەرە.
ئایا هەموو ڕزگارییەکەم و
هەموو ئارەزووەکانم ناهێنێتە دی؟
٦ بەڵام بەدکاران هەموویان وەک دڕک فڕێدەدرێن،
کە بە دەست کۆناکرێنەوە.
٧ هەرکەسێک کە خۆی لە دڕکەکان بدات،
ئامێری ئاسن و داری ڕم بەکاردەهێنێت؛
ئەمانە لە شوێنی خۆیاندا بە ئاگر دەسووتێنرێن.»
پاڵەوانەکانی داود
٨ ئەمانەش ناوی پاڵەوانەکانی داودن:
یۆشێڤ بەشەڤەتی تەحکەمۆنی یەکێک بوو لە سێ پاڵەوانەکەی نێو هێزی تایبەت. ئەو بوو بە ڕمەکەی لە شەڕێکدا هەشت سەد کەسی کوشت.
٩ پاش یۆشێڤ، ئەلعازاری کوڕی دۆدایی ئەحۆحی هەبوو، کە یەکێک بوو لە سێ پاڵەوانەکە. ئەو لە پەس دەممیم* لەگەڵ داود بوو، کاتێک گاڵتەی بەو فەلەستییانە کرد کە بۆ جەنگ کۆببوونەوە، پیاوانی ئیسرائیلیش پاشەکشەیان کرد. ١٠ ئەو هەستا و هەتا دەستی شل بوو لە فەلەستییەکانی دا، دەستی بە شمشێرەکەیەوە نووسا و یەزدانیش لەو ڕۆژەدا ڕزگارییەکی گەورەی ئەنجام دا. کاتێک لەشکرەکەشی بۆ لای ئەلعازار گەڕانەوە هیچ نەمابوو تەنها تاڵانکردن نەبێت.
١١ پاش ئەلعازاریش، شەممای کوڕی ئاگێی هاراری دێت. کاتێک فەلەستییەکان لەشکریان لە شوێنی پەڵە نیسکێکدا کۆکردەوە، لەشکری ئیسرائیل لەبەردەم فەلەستییەکاندا هەڵات. ١٢ بەڵام شەمما لەناوەڕاستی پەڵە نیسکەکەدا ڕاوەستا و بەرگری کرد و لە فەلەستییەکانی دا، یەزدانیش سەرکەوتنێکی گەورەی پێ بەخشی.
١٣ سێ پاڵەوانی هەڵبژاردە لە ڕیزی سی پاڵەوانەکەی هێزی تایبەت لە وەرزی دروێنەدا دابەزین بۆ لای داود لە ئەشکەوتی عەدولام، لەشکری فەلەستییەکانیش لە دۆڵی ڕفایم دامەزرابوون. ١٤ لەو کاتەدا داود لە قەڵاکە بوو، سەربازگەی فەلەستییەکانیش لە بێت‌لەحم بوو. ١٥ داود ئاهی هەڵکێشا و گوتی: «کێ لە بیرەکەی بێت‌لەحم، ئەوەی لەلای دەروازەکەیە ئاوم بۆ دەهێنێت؟» ١٦ ئیتر سێ پاڵەوانەکە هێڵی ئۆردوگای فەلەستییەکانیان بەزاند و لە بیرەکەی بێت‌لەحمەوە ئەوەی لەلای دەروازەکەیە ئاویان هەڵکێشا و هەڵیانگرت، هێنایان بۆ داود، ئەویش نەیویست بیخواتەوە، بەڵکو وەک پێشکەشکراوێک بۆ یەزدان ڕشتی. ١٧ گوتی: «ئەی یەزدان، لە من بەدوور بێت ئەمە بکەم. ئەمە خوێنی ئەو پیاوانەیە کە ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە.» لەبەر ئەوە داود نەیویست بیخواتەوە.
ئەمانە چەند نموونەیەک بوون لە ئازایەتییەکانی سێ پاڵەوانەکە.
١٨ ئەبیشەی برای یۆئاب، کوڕی چەرویاش ڕابەری سێ پاڵەوانەکەی هێزی تایبەت بوو. ئەو بە ڕمەکەی لەگەڵ سێ سەد کەس جەنگا و کوشتنی، وەک سێ پاڵەوانەکە ناوبانگی هەبوو. ١٩ ئایا ئەو زیاتر لە سێ پاڵەوانەکە ڕێزی لێ نەدەگیرا؟ ئەو بوو بە فەرماندەیان، بەڵام ناوبانگی نەدەگەیشتە سێیەکەی یەکەم.
٢٠ بەنایای کوڕی یەهۆیاداعی خەڵکی قەڤچەئێل کوڕێکی بەجەرگ بوو، زۆر قارەمانیێتی نواندبوو. هەر ئەو لە دوو شێرە پیاوەکەی مۆئابی دا، هەروەها لە ڕۆژێکی بەفردا دابەزییە ناو چاڵێک و شێرێکی کوشت. ٢١ ئەویش بوو کە لە پیاوێکی میسری زەبەلاحی دا، پیاوە میسرییەکە ڕمێکی بەدەستەوە بوو، بەنایاش بە گۆچانێکەوە بۆی دابەزی. ڕمەکەی لە دەستی میسرییەکە ڕفاند و بە ڕمەکەی خۆی کوشتی. ٢٢ ئەمانە چەند نموونەیەک بوون لە ئازایەتییەکانی بەنایای کوڕی یەهۆیاداع، وەک سێ پاڵەوانەکە ناوبانگی پەیدا کرد. ٢٣ لە سی پاڵەوانەکە زیاتر ڕێزی لێ دەگیرا، بەڵام ناوبانگی نەگەیشتە سێیەکە، ئیتر داود کردییە بەرپرسی پاسەوانەکانی خۆی.
٢٤ ئەمانە لە ڕیزی سی پاڵەوانەکە بوون:
عەساهێلی برای یۆئاب،
ئەلحانانی کوڕی دۆدۆی بێت‌لەحمی،
٢٥ شەممای حەرۆدی،
ئەلیقای حەرۆدی،
٢٦ حەلەچی پەلتیی،
عیرای کوڕی عیقێشی تەقۆعی،
٢٧ ئەڤیعەزەری عەناتۆتی،
مەڤونەیی حوشاتی،
٢٨ چەلمۆنی ئەحۆحی،
مەهەرەیی نەتۆفاتی،
٢٩ حێلەدی کوڕی بەعەنای نەتۆفاتی،
ئیتەیی کوڕی ڕیڤەی کە خەڵکی گیڤعای بنیامین،
٣٠ بەنایای پیرعاتۆنی،
هیدەیی شیوەکانی گاعەش،
٣١ ئەبی‌عەلڤۆنی عەرڤاتی،
عەزماڤەتی بەرحومی،
٣٢ ئەلیەحبای شەعەلڤۆنی،
کوڕەکانی یاشێن،
یۆناتانی کوڕی ٣٣ شەممای هاراری،
ئەحیامی کوڕی شاراری هاراری،
٣٤ ئەلیفەلەتی کوڕی ئەحەسبەیی مەعکاتی،
ئەلیعامی کوڕی ئەحیتۆفەلی گیلۆنی،
٣٥ حەسرۆی کەرمەلی،
پەعەرەیی ئەربی،
٣٦ یەگالی کوڕی ناتانی چۆڤائی،
کوڕی هەگری،
٣٧ چەلەقی عەمۆنی،
نەحەرەیی بئێرۆتی کە هەڵگری تفاقەکانی یۆئابی کوڕی چەرویا بوو،
٣٨ عیرای یەتری،
گارێڤی یەتری و
٣٩ ئوریای حیتی.
هەموویان سی و حەوت کەس بوون.