ئیسرائیل داوای پاشایەک دەکات
١ ئەوە بوو کە ساموئێل پیر بوو کوڕەکانی کردە ڕابەری ئیسرائیل. ٢ ناوی کوڕە نۆبەرەکەی یۆئێل و ئەوەی دیکەشیان ئەبیا بوو، لە بیری شابەع دادوەرییان دەکرد. ٣ بەڵام کوڕەکانی بە ڕێگای ئەودا نەڕۆیشتن، بەڵکو بەلای دەستکەوتی ناڕەوا لایاندا و بەرتیلیان وەرگرت و دادپەروەرییان لە ڕێی ڕاست لادا.
٤ جا هەموو پیرانی ئیسرائیل کۆبوونەوە و هاتنە ڕامە بۆ لای ساموئێل. ٥ پێیان گوت: «ئەوەتا تۆ پیر بوویت و کوڕەکانت بە ڕێگای تۆدا ناڕۆن. ئێستاش وەک هەموو نەتەوەکان پاشایەکمان بۆ دابنێ تاکو ڕابەرایەتیمان بکات.»
٦ بەڵام ئەم شتە لەبەرچاوی ساموئێل خراپ بوو کاتێک گوتیان، «پاشایەکمان بدەرێ هەتا ڕابەرایەتیمان بکات،» جا ساموئێل نوێژی بۆ یەزدان کرد. ٧ یەزدانیش بە ساموئێلی فەرموو: «گوێ لە دەنگی ئەم گەلە بگرە لە هەموو ئەوەی کە پێت دەڵێن، چونکە ئەوان تۆیان ڕەت نەکردووەتەوە، بەڵکو منیان ڕەتکردووەتەوە، وەک پاشایان. ٨ ئەوان ئێستا وا ڕەفتارت لەگەڵ دەکەن هەروەک لەگەڵ من کردیان لەو ڕۆژەی لە میسرەوە دەرمهێنان هەتا ئەمڕۆ، وازیان لە من هێنا و خودای دیکەیان پەرست. ٩ ئێستاش گوێ لە دەنگیان بگرە، بەڵام بە ڕاستی ئاگاداریان بکەرەوە و پێیان ڕابگەیەنە لە مافەکانی ئەو پاشایە کە حوکمڕانییان دەکات.»
١٠ ئینجا ساموئێل هەموو وشەکانی یەزدانی بەو خەڵکە گوت کە داوای پاشایان لێکرد. ١١ گوتی: «ئاوا دەبێت مافەکانی ئەو پاشایەی دەبێتە پاشاتان، کوڕەکانتان دەبات و دایاندەنێت بۆ گالیسکەکانی و بۆ سوارەکانی و لەپێش گالیسکەکانییەوە ڕادەکەن. ١٢ هەندێک وەک فەرماندەی هەزاران و پەنجاکان بۆ خۆی دادەنێت، هەندێکیش بۆ کێڵانی زەوییەکەی و دروێنەکردنی بەروبوومەکەی، هەندێکی دیکەشیان دادەنێت چەکی جەنگ و کەلوپەلی گالیسکەکانی بۆ دروستبکەن. ١٣ کچەکانیشتان دەبات ببن بە بۆنگرەوە و چێشتلێنەر و نانکەر. ١٤ باشترین کێڵگە و ڕەزی مێو و باغی زەیتوونەکانیشتان دەبات و دەیدات بە خزمەتکارەکانی. ١٥ دەیەکی دانەوێڵە و ڕەزەمێوەکانتان دەبات و دەیداتە کاربەدەست و خزمەتکارەکانی. ١٦ کۆیلە و کەنیزە و باشترین گا و گوێدرێژەکانتان دەبات و بۆ ئیشوکاری خۆی بەکاریاندەهێنێت. ١٧ دەیەکی مەڕوماڵاتتان دەبات و ئێوە دەبنە کۆیلەی* ئەو. ١٨ جا لەو ڕۆژەدا لەبەر پاشاکەتان هاوار دەکەن کە خۆتان هەڵتانبژاردووە، یەزدانیش لەو ڕۆژەدا وەڵامتان ناداتەوە.»
١٩ بەڵام گەل گوێیان لە ساموئێل نەگرت و گوتیان: «نەخێر! ئێمە پاشایەکمان دەوێت پاشایەتیمان بکات، ٢٠ تاکو ئێمەش وەک هەموو نەتەوەکانی دیکە بین، پاشایەک ڕابەرایەتیمان بکات و لەپێشمانەوە بڕوات و لە جەنگەکان بۆمان بجەنگێت.»
٢١ جا ساموئێل گوێی لە هەموو قسەکانی گەل گرت و هەمووشی بە گوێی یەزداندا دا. ٢٢ یەزدانیش بە ساموئێلی فەرموو: «گوێ لە دەنگیان بگرە و پاشایەکیان بۆ دابنێ.»
ئینجا ساموئێل بە پیاوانی ئیسرائیلی گوت: «با هەرکەسە و بەرەو شارۆچکەکەی خۆی بڕواتەوە.»