چاوپێکەوتنی ڕائووس لەگەڵ بۆعەز
١ ناعۆمی خزمێکی مێردەکەی هەبوو بە ناوی بۆعەز، پیاوماقوڵی هەمان تیرەی ئەلیمەلەخ بوو.
٢ ڕائووسی مۆئابی بە ناعۆمی گوت: «بهێڵە با بچم بۆ کێڵگە و گوڵەجۆ هەڵبگرمەوە لەدوای هەرکەسێک کە لەگەڵم میهرەبان بێت.»
ئەویش پێی گوت: «کچم بڕۆ.» ٣ ڕائووسیش ڕۆیشت و بەدوای دروێنەکەرەکاندا لە کێڵگەیەک گوڵەجۆی هەڵگرتەوە. وا ڕێککەوت کێڵگەکە هی بۆعەز بوو کە لە تیرەی ئەلیمەلەخ بوو.
٤ لەو کاتەدا بۆعەز لە بێت‌لەحمەوە هات و بە دروێنەکەرەکانی گوت: «یەزدان یارمەتیتان بدات.»
ئەوانیش گوتیان: «با بەرەکەتی یەزدانت لەسەر بێت.»
٥ بۆعەز بە خزمەتکارەکەی گوت کە کرابوو بە سەرکار بەسەر دروێنەکەرەکاندا: «ئەم کچە هی کێیە؟»
٦ ئەویش وەڵامی دایەوە: «کچێکی مۆئابییە لەگەڵ ناعۆمی لە وڵاتی مۆئابەوە هاتووە، ٧ پێی گوتین: ”لێمگەڕێن با گوڵەجۆ لەدوای دروێنەکەرەکان کۆبکەمەوە.“ ئیتر هات و لە بەیانییەوە هەتا ئێستا ماوەتەوە، تۆزێک نەبێت لەژێر کەپرەکە پشووی دا.»
٨ بۆعەز بە ڕائووسی گوت: «گوێ بگرە کچم. مەڕۆ بۆ کێڵگەیەکی دیکە بۆ گوڵەجۆ هەڵگرتنەوە، بەڵکو لێرە بە، لەلای کچە خزمەتکارەکانم. ٩ سەیری کێڵگەکە بکە لەکوێ دروێنە دەکەن شوێنیان بکەوە. خزمەتکارەکانم ئاگادار کردووەتەوە دەستت لێ نەدەن. ئەگەر تینوو بوویت بڕۆ لە کوپەکان ئاو بخۆوە کە پیاوەکان ئاوی تێدەکەن.»
١٠ ڕائووس کڕنۆشی برد و لەسەر ڕوو کەوت، پێی گوت: «چۆن لەبەرچاوی تۆ ڕەزامەندیم بەدەستهێنا، لە کاتێکدا من بێگانەم!»
١١ بۆعەزیش وەڵامی دایەوە: «هەموو ئەوەی کە بۆ خەسووت کردووتە دوای مردنی پیاوەکەت، بە تەواوی پێم گوتراوە، تەنانەت وازت لە دایک و باوک و ئەو خاکەی لێی لەدایک بوویت هێناوە و هاتیت بۆ لای گەلێک کە پێشتر نەتناسیون. ١٢ با یەزدان چاکەی ئەم کارەت بداتەوە، با یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بە تەواوی پاداشتت بداتەوە. ئەوەی کە هاتوویت بۆ ئەوەی پەنا ببەیتە ژێر باڵەکانی.»
١٣ ئەویش گوتی: «گەورەم با بەردەوام لەبەرچاوت ڕەزامەندی بەدەستبهێنم، چونکە دڵت دامەوە و دڵی کارەکەرەکەتت خۆش کرد، هەرچەندە وەکو یەکێکیش نیم لە کارەکەرەکانت.»
١٤ لە کاتی نانخواردندا بۆعەز پێی گوت: «وەرە پێشەوە بۆ ئێرە و نان بخۆ و پارووەکەت بە سرکەکە بکە.»
ئەویش لەلای دروێنەکەرەکانەوە دانیشت و بۆعەزیش جۆی برژاوی پێدا، ئیتر خواردی و تێر بوو، لێشی مایەوە. ١٥ کاتێک هەستا بۆ ئەوەی جۆ هەڵبگرێتەوە، بۆعەز فەرمانی بە پیاوەکانی دا: «لێیگەڕێن با لەنێو کۆڵەجۆکانیش* جۆ هەڵبگرێتەوە و ئەزیەتی مەدەن، ١٦ لە دەسکەکانیش بۆی دەربهێنن. لێیگەڕێن با هەڵیبگرێتەوە و قسەی پێ مەڵێن.»
١٧ ئەویش گوڵەجۆی هەڵگرتەوە هەتا ئێوارە، ئەوەی هەڵیگرتبووەوە کوتای و نزیکەی ئێفەیەک* جۆ بوو. ١٨ جا هەڵیگرت و گەڕایەوە ناو شار. خەسووی ئەوەی بینی کە هەڵیگرتبووەوە، ئەو خواردنەش کە لەدوای تێربوونی لێی مابووەوە دایە خەسووی.
١٩ خەسووشی پێی گوت: «ئەمڕۆ لەکوێ گۆڵەجۆت هەڵگرتەوە و لەکوێ ئیشت کرد؟ با بەرەکەتدار بێت ئەو کەسەی کە چاوی لێتە.»
ئەویش باسی ئەو کەسەی بۆ خەسووی کرد کە ئیشی لەگەڵدا کردووە گوتی: «ئەو پیاوەی کە ئەمڕۆ ئیشم لەگەڵدا کردووە ناوی بۆعەزە.»
٢٠ ناعۆمیش بە بووکەکەی گوت: «ئەو بەرەکەتدارە لەلایەن یەزدانەوە، ئەوەی زیندووان و مردووانی بێبەش نەکردووە لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی.» ئینجا ناعۆمی پێی گوت: «ئەو پیاوە یەکێکە لە خوێنگرەکانمان*
٢١ ڕائووسی مۆئابیش گوتی: «هەروەها پێی گوتم: ”لەگەڵ خزمەتکارەکانمدا بمێنەوە هەتا هەموو دروێنەکەم تەواو دەکەن.“»
٢٢ ناعۆمیش بە ڕائووسی بووکی گوت: «کچم وا چاکە لەگەڵ کارەکەرەکانی ئەو بچیت، نەوەک لە کێڵگەیەکی دیکە ئەزیەتت بدەن.»
٢٣ ئەویش لەگەڵ کچە خزمەتکارەکانی بۆعەزدا لە هەڵگرتنەوە مایەوە هەتا دروێنەی جۆ و دروێنەی گەنم تەواو بوو، لەگەڵ خەسووی ژیا.