ڕائووس
کورتە باسێک
خودا تەنانەت لە تاریکترین ڕۆژانیش چاودێری گەلەکەی دەکات، هەروەها پلانەکەی دەپارێزێت بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤ، جولەکە و هەموو نەتەوەکانی دیکە پێکەوە.‏
ڕووداوەکانی ئەم پەڕتووکە لە سەردەمی فەرمانڕەوایەتی ڕابەرەکان ڕوویانداوە، تێیدا ڕووکارێک ڕەنگ دەداتەوە لەو ڕووکارانەی کاتێک ئاژاوە ناوچەکەی گرتبووەوە. جگە لەوە ئەم پەڕتووکە لایەنی کارەساتبار باس ناکات کە لە خاکەکە خوێن دەڕژا لە ئەنجامی خراپەی مرۆڤ، بەڵکو چیڕۆکێکی جوانمان پێشکەش دەکات کە ڕاستگۆیی و دڵسۆزی تێکەڵی هەستی مرۆڤ بووە. ئەوە چیڕۆکی ڕائووسە کە پێداگری کرد لەوەی لەگەڵ ناعۆمیی خەسووی بمێنێتەوە لەدوای ئەوەی ئەو ژنە تووشی کارەسات بوو، خودا بەوە پاداشتی ڕائووسی دایەوە کە هاوسەرگیری لەگەڵ بوعەز کرد و کوڕێکی لێی بوو. هەروەها خودا نەوەی بە ناعۆمیش بەخشی، داود پاشا لە ڕەچەڵەکی ئەو خێزانە لەدایک بوو.
بابەتی سەرەکی ئەم پەڕتووکە سەبارەت بە زۆری بەرەکەتەکانی خودایە کە دەبێتە پاداشت بۆ ئەوانەی فەرمانەکانی پەیڕەو دەکەن، تەنانەت لە کاتی تەنگانە و ناخۆشیش. بەها سەرەکییەکانی مرۆڤایەتی لە خۆشویستن و باوەڕ و متمانە و چاکە لە بەرهەمی ڕۆحی پیرۆزن، لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە دەچێت وەک ڕووناکییەکی درەوشاوە بۆ ئەوانە دەبێت کە لە واتای ڕەسەن دەگەڕێن بۆ ژیان.
لەم پەڕتووکە وشەیەک هەیە کە زۆر گرنگی پێدراوە، ئەویش وشەی (خوێنگر)ـە. بەگوێرەی دەستووری دابەشکردنی زەوی خاکی بەڵێنپێدراو نابێت هیچ خێزانێک موڵکی خۆی لەدەست بدات. ئەگەر بەهۆی هەژاری موڵکەکەیان بفرۆشنە خێزانێکی دیکە، پێویستە لەدوای پەنجا ساڵ بگەڕێنرێتەوە بۆ خێزانەکەی خۆی. هەروەها یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکە مافی هەبوو پێش تەواوبوونی پەنجا ساڵەکە موڵکەکە وەربگرێتەوە، ئەگەر نرخی ئەو ساڵانەی کە ماونەتەوە بداتەوە ئەو کەسەی کە کڕیویەتی. هەروەها خوێنگر مافی تۆڵەکردنەوەی هەیە لە کاتی ڕوودانی کێشەیەک، مافی وەرگرتنی میراتی هەیە ئەگەر کەسێکی دیکەی لەو نزیکتر نەبوو لە کەسەکە.